سەردێڕ:

ڤیدیۆی ژنێکی سەرتاشی سعودی کاردانەوەی جیاوازی بەدوای خۆیدا هێنا

PM:07:26:12/09/2021

7248 جار خوێندراوەتەوە

لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، تیایدا ژنێکی سعودی دەردەکەوێت سەری منداڵێک دەتاشێت، ئەمەش کاردانەوەی جیاوازی پشتگیری کردن و رەتکردنەوەی کارێکی لەو جۆرە بۆ ژنانی لە کۆمەڵگەی سعودیدا لێکەوتەوە.


لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ژنەکە بە "وەفا" ناوی دەهێنرێت، عەبدرەحمان مەتەری، یەکێک لە چالاکوانانی سعودیە لە تویتەری خۆی گرتە ڤیدیۆییەکەی بڵاوکردووەتەوە و نوسیوویەتی، "ئەمە نمونەیەکی جوانی کچێکی نیشتمانە، خەونمان دەبینی ژنێکی سەرتاش لە وڵاتەکەمان ببینین، ئەمڕۆ لەگەڵ کچەکەمان وەفا، ئەو خەونە هاتەدی و بوو بەڕاستی، پێویستیمان بە هاوشێوەی وەفا زۆرە لە شارەکەماندا".

دەشڵێت، خوا سەربەرزی بکات، کچی پیاوە و لێهاتووە، شانازی بە لێهاتوییەکەیەوە دەکات و هیچ شەرمیش ناکات، دایکی لە پشتییەتی و لەگەڵیدایە.

چالاکوانێکی دیکەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەسەرسوڕمانەوە لەتویتەری خۆی دەنوسێت، "ئاستەمە! ئەمە سعودی نییە، بەڕاستی پێویستە پشتگیری بکرێت چونکە ئەمە لێهاتووییە".

لەبەرامبەردا، ژنێک بەناوی "سەلما" لە تویتەری خۆی دیدی پێچەوانەی هەیە و دەڵێت، "بەخوا ئەمە شتێک نییە شانازی پێوەبکەیت، بە پێچەوانەوە، ئەم ئیشە بۆ ژنان شیاو نییە، بەڵام لەبەر ئەوەی کارەکەی حەڵاڵە هیچم پێ ناوترێ تەنها دەڵێم، خوا پشتیوانی بێت".

محەمەد شیبانی، یەکێکی دیکەیە لەو هاوڵاتیانەی رووداوەکەی بەلاوە گرنگە و لە تویتەری خۆی دەنوسێت، "ئەمە چ لێهاتووییەکی تێدایە، بابەتەکە گەورە کراوە، وامزانی ژنە سەرتاشەکە ئەلفرێد نۆبڵە، راگەیاندن بە ئامانجی پارە کۆکردنەوە بابەتەکەیان ساختەکردووە و گەورەیان کردووە، ئەمە گاڵتەجاڕییە بەحاڵی خەڵکی سادە".

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گرتە ڤیدیۆییەکە هاشتاگی # یەکەم – ژنە سەرتاشی – سعودی بۆ دانراوە و چالاکوانان و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆچوونی خۆیانی لەبارەوە دەخەنەڕوو.

ئەمە لەکاتێکدایە، دوای دەستبەکاربوونی محەمەد سەلمان وەک شازادەی وڵات، بەڵێنیدا ئەو هەنگاوانە بگڕێتە بەر کە کۆمەڵگەی سعودی بەڕوی جیهانی نوێدا دەکاتەوە و دەیکاتە کۆمەڵگەیەکی سەردەمییانە، لەو کاتەوە ژنانی سعودییە مافی ئەوەیان هەیە مۆڵەتی شۆفێری بەدەستبهێنن و لەناو یاریگادا ئامادەی بینینی یارییەکان بن و لە شوێنەگشتییەکاندا سێڵفی بگرن و بێ مەحرەم، باوک و برا و مێرد و مام و خاڵ، گەشت بکەن، لەکاتێکدا پێشتر هیچ کام لەم کارانە بۆ ژنی سعودی رێگە پێدراونەبوون.

 


كـ، ئـ













گەلەری