سەردێڕ:

وەزارەتی کاروباری عێراق سزای ئەو خاوەن کارانە دەدات کە پێشێلی یاسای دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەکەن

PM:10:59:18/05/2023

1884 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی رایگەیاند، بە جێبەجێ کردنی پڕۆژە یاسای دەستبەری کۆمەڵایەتی لەسەر خاوەن کار، مەرج دەبێت مانگانە ٣٥٠ هەزار کەمتر نەداتە کرێکار و پێشێلکاریش سزا دەدرێت و وتیشی، "هەوڵدەدەین مووچەی کرێکار بکەینە ٤٥٠ هەزار دینار".


ئەحمەد ئەسەدی وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، پڕۆژە یاسای دەستەبەری کۆمەڵایەتی کە لەم دواییانە پەسەند کرا یەکێکە لە گرنگترین یاساکان لە ماوەی چەند ساڵێکە چاوەڕوانی پەسەند کردنی دەکرێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، پڕۆژە یاساکە هەموو بەندەکانی پەیوەست بە پاراستنی مافی کرێکارانی لە خۆ گرتووە و پێکهاتووە لە چەندین بڕیارى سوودمەند، بۆ کرێکارانی کەرتی تایبەت و کەرتی گشتی.

ئەوەشی خستەڕوو، زۆربەی یاسا هەموار کراوەکان هاوکاری وڵات دەبن لە دەستبەر کردنی خانەنشینی کرێکارانی کەرتی تایبەت و کەرتی گشتی، حکومەت ٨٪ بۆ ١٢٪ دەداتە خاوەن کار و ٥٪ دەداتە کرێکاری کەرتی رێکخراو.

هاوکات، حکومەت ١٥٪ی دەستەبەری خانەنشینی دەدات و کرێکاریش لە ماوەی ئیشکردنی دا ٥٪ وەک دەستبەری دەداتە خاوەن کار.

باسی لەوەش کرد، ژمارەی کرێکارانی کەرتی تایبەت لە عێراق شەش ملیۆن کەسە و ٩٠٪یان ناویان تۆمار نەکراوە و لەسەر دامەزراوەکان دەکرێتە مەرج کە ناوی کرێکارەکانیان لە لیستی حکومەت تۆمار بکەن و وتیشی، "ئەوەی کار بە رێنماییەکان نەکات سزا دەدرێت".

ئەوەشی ئاشکرا کرد، بە جێبەجێ کردنی پڕۆژە یاسای دەستبەری کۆمەڵایەتی کەمترین رێژەی مووچەی کرێکاران٣٥٠ هەزار دینار دەبێت و ئەگەر لەو کەمتر بێت خاوەن کار سزا دەدرێت و وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی لە هەوڵ دایە بۆ بەرز کردنەوەی رێژەی مووچە بۆ ٤٥٠ هەزار دینار.

لە رۆژی رابردوو لە دانیشتنێکی ئاسایی پەرلەمانی عێراق پڕۆژە یاسای دەستبەری کۆمەڵایەتی و خانەنشینی کرێکاران بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران پەسەند کرا.













گەلەری