سەردێڕ:

ئەو هاوڵاتییەی ئاگری لە خۆی بەردا گیانیلەدەستدا

PM:06:24:12/09/2021

4684 جار خوێندراوەتەوە

هاوشێوەی "محەمەد بوعزیزی"، هاوڵاتییەکی تونسی لەناو خۆپیشاندەراندا ئاگری بەردایە جەستەیی و بەهۆی زۆری رێژەی سوتاویییەکەیەوە لە نەخۆشخانە گیانیلەدەستدا.


مەعز ترێعە وتەبێژی دیوانی پاراستنی شارستانی بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی راگەیاند، پیاوێکی تەمەن ٣٥ ساڵ لە شەقامی حەبیب بۆرقیبە لە شاری تونسی پایتەخت ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و بەهۆی ئەوەی رێژەی سوتانەکەی پلە سێ بوو، دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانیلەدەستدا.

ئاماژەی بەوەشدا، هاوڵاتییەکە هەموو جەستەی سوتابوو، دەستبەجێ گەیەنراوەتە نەخۆشخانەی بن عەروس لە شاری تونسی پایتەخت.

شایەتحاڵێک بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی راگەیاند، پیاوێک لەگەڵ کەسێکی دیکە کە بەتەمەن لەو بچوکتربوو هاتنە ناو شەقامی حەبیب بۆرقیبە و خۆیان گەیاندە ناو خۆپیشاندەران.

وتیشی، هەوڵیاندا سەرنجی رۆژنامەنوسەکان بەلای خۆیاندا رابکێشن کاتێک سەرقاڵی روماڵ کردنی خۆپیشاندەکان بوون، مادەیەکی کرد بەجەستەی خۆیدا و بە چەرخێک ئاگری لە خۆی بەردا.

لە درێژەی لێدوانەکەیدا، شایەتحاڵەکە ئەوەشی خستەڕوو، سەرەتا خەڵک هەوڵیاندا چەرخەکەی لێبسەنن تا ئاگر لە خۆی بەرنەدات، بەڵام ئەویش بەسەر شۆستەکانی بەردەم کافێکاندا رایکرد و ئاگر لە خۆی بەردا.

میدیا ناوخۆییەکانی تونس بڵاویانکردەوە، هۆکاری ئاگر لە خۆبەردانی ئەو هاوڵاتییە هێشتا نەزانراوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە ١٧ی کانونی یەکەمی ٢٠١٠ دا "محەمەد بوعزیزی" تەمەن ٢٦ ساڵ کەسەرقاڵی کاری دەستگێری بوو ئاگری لە خۆی بەردا و بەهۆییەوە گیانیلەدەستدا. ئەم رووداوەش بوە هۆی خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە وڵاتی تونس و لەئەنجامدا کۆتایی بە دەسەڵاتی زەینولعابدین بن عەلی هێنا و بەهاری عەرەبی بەشێکی زۆری وڵاتانی عەرەبی گرتەوە.

كـ، ئـ













گەلەری