سەردێڕ:

پارێزەری دوو مامۆستا کوژراوەکە: جارێکی دیکە دادگاییکردنی تۆمەتبارەکە دواخرا

PM:04:15:18/05/2023

1748 جار خوێندراوەتەوە

رۆژی ٢٨ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٢، قوتابییەک تەقەی لە دوو مامۆستای زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر کرد و بەهۆیەوە هەردووکیان گیانیان لەدەستدا، ئەمڕۆ دادگا بڕیاریدا پێداچوونەوە بە دۆسیەکەدا بکرێ و دانیشتنەکەی دواخست و پارێزەری مامۆستاکانیش دەڵێت، "تۆمەتبارەکە هەڕەشەی لێکردووین."


ئەمڕۆ پێنجشەممە، پارێزەر و کەسوکاری دوو مامۆستا کوژراوەکەی زانکۆی سەڵاحەدین لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، دادگا بڕیاری داوە پێداچوونەوە بە دۆسیەکەدا بکرێ و دانیشتنەکە دواخراوە.

باسی لەوەشکرد، بەپێی راپۆرتی پزیشکی دەروونیش دەرکەوتووە، ئەو کەسە هیچ نەخۆشییەکی دەروونی نییە، لە کاتێکدا پارێزەری تۆمەتبارەکە داوای کردبوو پێداچوونەوە بە ئەنجامی پزیشکیدا بکرێتەوە.

یەکێک لە کەسوکاری مامۆستا کوژراوەکە رایگەیاند، "تۆمەتبارەکە لە ناو دادگا سوکایەتی بە ئێمە کرد، دادوەریش بڕیاری داوە پێداچوونەوە بکات بە دۆسیەکەدا".

رۆژی ٢٨ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٢، قوتابییەک تەقەی لە دوو مامۆستای زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر کرد، کە یەکێک لە مامۆستاکان راگری کۆلێجی یاسا بوو و ئەوی دیکەیان لە کۆلێژی ئەندازیاری مامۆستا بوو.

چیرۆکی رووداوەکە بەم جۆرە بوو:

کاتژمێر ٨ و ٣٠ خولەکی بەیانی ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ کە هێشتا بەشێک لە هاوڵاتیان نەچووبوونە سەر ئەرک و کاری خۆیان، رووداوی تەقەکردن لە راگری کۆلێژی یاسای زانکۆی سەڵاحەدین بە ناوی کاوان ئیسماعیل میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی هەژاند. دوای کەمتر لە کاتژمێرێکیش تەرمی مامۆستایەکی دیکەی هەمان زانکۆ لە ماڵەکەی خۆیدا دۆزرایەوە و ئاشکرابوو هەردوو رووداوەکە پەیوەندیان بەیەکەوە هەیە و تۆمەتبارەکەش پێشتر خوێندکاری زانکۆ بووە و فەسڵ کراوە.

کێشەکە لەو کاتەوە سەری هەڵداوە خوێندکارەکە لە زانکۆی سۆران کاتی قۆپیەکردن لەگەڵ مامۆستا 'نیشتیمان' هاوسەری یەکێک لە مامۆستا کوژراوەکان دەبێت بە کێشەی و دواتر کێشەکە سەردەکێشێت بۆ دادگا و خوێندکارەکەش دەگیرێت و دواتر بە کەفالەت ئازاد دەکرێت.

دواتریش، تۆمەتبارەکە هەوڵی گواستنەوەی لە زانکۆی سۆرانەوە بۆ زانکۆی سەڵاحەدین داوە، بەڵام بەهۆی رێنماییەکانەوە راگری کۆلێژەکە رەزامەندی نادات و بەوهۆیەوە گرفت دروست دەبێت.

هەر لە ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، رۆژی دادگاییکردنی خوێندکارەکە بووە، بەڵام وەک شایەتحاڵەکان باسیان لێوەکرد لەوکاتەدا، تۆمەتبارەکە چووەتە بەردەم کۆلێژی یاسا و کاتی هاتنی دکتۆر کاوان بۆ دەوام تەقەی لێکردووە و پێنج گولـلەی پێوەناوە، کە یەکێکیان بەر سەری کەوتووە و شۆفێرەکەشی بریندار کردووە.

دوای ئەوەش تۆمەتبارەکە چووەتە سەر ماڵی مامۆستا نیشتیمان و تەقەی لە ئیدریس حەمەخانی هاوسەری کردووە، کە مامۆستای کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆی سەڵاحەدین بووە.













گەلەری