لە نووسراوێکدا کە لەلایەن ٩٣ پزیشکی ڤێرتێنەری شارە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان واژۆکراوە، داوای بەستنی کۆنگرەی ریکخراو و سەندیکاکان دەکەن.
لە نووسراوەکەدا هاتووە، "لە ژێر بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران لە ٧ی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو، لەبارەی بەستنی کۆنگرەی سەرجەم رێکخراو و سەندیکاکان لەماوەی ١٨٠ رۆژدا، کە تاوەکو ئێستا هەنگاوی کرداری بۆ نەنراوە لەلایەن ئەنجومەنی سەندیکای پزیشکانەوە، چەند داواکارییەکمان هەیە."
دەقی داواکاری پزیشکەکان ئەمەیە:
١.بەزووترین کات لیژنەی ئامادەکاریی کۆنگرەی سەندیکا دیاریبکرێت دوور
لە ئەنجومەنی سەندیکا.
٢.بەزووترین کات رۆژ و وادەی بەستنی کۆنگرە دیاریبکرێت.
٣. بەزووترین کات وێنەیەک لە راپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی ژمارە ٧ و
٩ لە ٨ی ١ی ٢٠٢٣ بخرێتە بەردەستی ئەندامانی سەندیکا لەبارەی هەڵسەنگاندن و وردبینیکردن
لەکار و چالاکییەکانی دارایی و کارگێڕی ئەنجومەنی سەندیکا و چاوەڕوانی هەنگاوی
بەپەلەین لە جێبەجێکردنی ئەم داوایە.