سەردێڕ:

تورکیا رێککەوتنی هەناردەی گەنمی درێژ کردەوە

PM:07:42:17/05/2023

716 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک کۆماری ئێستاى تورکیا رایگەیاند، رێککەوتننامەی هەناردەکردنی گەنمی ئۆکرانیا لە رێگەی دەریای رەشەوە بۆ ماوەی دوو مانگی دیکە درێژ کراوەتەوە.


سەرۆک کۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لە میانەى کۆبوونەوەى لەگەڵ بەبەرپرسانی ئاک پارتى، رایگەیاند، بەگوێرەی رێککەوتنەکە دوا کەشتی ئۆکرانیا بەبەندەرەکەدا تێپەڕیووە، لەکاتێکدا رێککەوتنەکە دڵنیایی لە سەلامەتی و پارێزراوی دانەوێڵەی ئۆکرانیا دەدات کە لە رێگەی بەندەرەکانی دەریای رەشەوە هەناردە دەکرێن و بڕیاربوو رۆژی پێنج شەممە ١٨ى ئایار کۆتایی پێبێت.

ئەوە لە کاتێکدا بوو، هەریەکە لە نەتەوە یەکگرتووەکان و تورکیا لە مانگی تەمموزی ساڵی رابردوودا نێوەندگیری لەرێککەوتننامەى دەریای رەشیان کرد بۆ یارمەتی دان و هاوکاری کردن لە رووبەڕوو بوونەوەی قەیرانی خۆراکی جیهانی کە بەهۆی شەڕی ئۆکرانیا و روسیاوە توندتر بوو.

رێککەوتننامه‌ی رێڕەوی دانەوێڵە لە ٢٢ی تەموزی ٢٠٢٢دا لە ئیستەنبوڵ لە نێوان تورکیا، ئۆکرانیا، روسیا و نەتەوەیەکگرتووەکان واژۆ کرا و رێککەوتننامه‌کەش‌ لە ١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ەوە بۆ ماوەی ١٢٠ رۆژ درێژ کرایەوە و بەرواری ١٩ی مانگی ئازار کۆتایی دەهات، دواى ئەو بەروارە جارێکى تر درێژ کرایەوەو بڕیاردرا تاکو ١٨ى ئایار بێت.

بە گوێرەی رێککەوتنەکە، ئەو کەشتیانەی بۆ وەرگرتنی دانەوێڵە لە ناوچە ئاوییەکانی تورکیاوە بەرەو ئۆکرانیا دەڕۆن پشکنینیان بۆ دەکرا و هەریەکە لە روسیا و ئۆکرانیا و تورکیا و نەتەوە یەکگرتووەکان پێکەوە کاریان دەکرد بۆ پێدانی مۆڵەت بە کەشتییەکان تاوەکو بە رێرەوەی گواستنەوەی دانەوێڵە هاتووچۆ بکەن.

بەگوێرەی رێککەوتننامەی دەریای رەش بۆ هەناردەکردنی دانەوێڵە بەپێی دەستپێشخەرییەکە ٣٠ ملیۆن تۆن گەنم و دانەوێڵە بە سەلامەتی لە بەندەرەکانی ئۆکرانیا هەناردە کراوە، کە زیاتر لە ٥٥%ی بۆ وڵاتانی تازە پێگەیشتوو هەروەها ٦%ی راستەوخۆ بۆ وڵاتانی تازە گەشەسەندوو نێردراوە.

ئۆکرانیا یەکێکە لە گەورەترین هەناردەکارانی دانەوێڵە لە جیهاندا، ساڵانە بەهۆى لە بارى کەشوهەواى و بەپیتى خاکەکەى و پێشکەوتنى تەکنەلۆژیاى کشتوکاڵ لەو وڵاتەدا، دوو جار لەهەندێ ساڵدا سێ جار گەنم دەدوورنەوە.












گەلەری