سەردێڕ:

وەزیرى پەروەردە: هەر مامۆستایەک دەستکارى نمرە بکات سزاى توند دەدرێت

ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی حکومەتی ماوە بەسەرچووی هەرێم
PM:03:23:17/05/2023

19488 جار خوێندراوەتەوە

وەزیرى پەروەردەى هەرێم رایگەیاند، هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەى نێوانى مامۆستایان و کۆمەڵگە تێک بدات، ئەگەر نا مامۆستایان شیاوى ئەو تۆمەتانە نین کە ئاڕاستەیان دەکرێت، دەشڵێت، هەر مامۆستایەک دەستکاریى نمرە بکات، بە توندى سزا دەدرێت.


ئەمڕۆ لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسی دا ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم، رایگەیاند، "تۆمارکردنی نمرەی قوتابخانەکان بە سیستەمێک لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە کۆنتڕۆڵ کراوە".

وتیشی، "هەر دەستکاری کردنێک لە نمرەکان دا بکرێت، وەزارەت پێی دەزانێت و دەزاندرێت لە چ بەروار و کاتژمێرێک دا کراوە.

باسی لەوەش کرد، "ناڵێین حاڵەتی لەو جۆرە نییە دەستکاری نمرە بکرێت بۆ ئەوەی منداڵی مامۆستا یەکەم بکرێت، بەڵام لە هەموو هەرێمی کوردستان تەنیا یەک تاکو دوو حاڵەت تۆمار کراوە کە مامۆستا دەستکاری نمرەی منداڵەکانی کردبێت".

جەختی کردەوە، "هەر مامۆستایەک دەستکارى نمرە بکات، بە تووندى سزا دەدرێت."

ئەوەشی خستەڕوو، "هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەى نێوان مامۆستایان و کۆمەڵگە تێک بدرێت، رەوانیە داوا بکرێت منداڵى مامۆستا لە قوتابخانەکەى دایک و باوکى نەخوێنێت."

وەزیری پەروەردە راشیگەیاند، مامۆستاى وەرزش و هونەر خۆیان خاوەنی بڕوانامەن و دەزانن نمرە چۆن دابنێن، لەسەر بنەماى وانەکانى دیکە نمرە دانانێن.

ئالان حەمەسەعید ئەوەشی روونکردەوە، ١١ هەزارو ٥٦٤ خوێندکار لە هەرێمى کوردستان دایک یان باوکیان مامۆستایە، لەو قوتابخانەیەی کە تێیدا دەخوێنن، لەو ١١ هەزارە تەنیا ٩٠٠ قوتابیان یەکەم بووە کە رێژەکە نەگەیشتووەتە لە١٠٪ی خوێندکاران.

ئەوە لە کاتێکادایە، لە ماوەی رابردوودا لە پارێزگای هەولێر مامۆستایەک رایگەیاند، کە دوو مامۆستای هەمان خوێندنگا هێرشیان کردووەتە سەرو بە راستەی ئاسن لێیانداوەو داوایان لێکردووە نمرەی منداڵی ئەو دوو مامۆستایە زیاد بکات و پرسیاری تاقیکردنەوەکانیان پێ بدات، تاکو منداڵەکانیان یەکەم بن لە قوتابخانەکە.

هاوکات، لە چەند شوێنێکی جیاوازی هەرێمیش بەشێکی هاوڵاتیان گلەیی ئەوەیان هەبوو، کە نمرەی منداڵەکانیان کەم کراوەتەوە بۆ ئەوەی منداڵی مامۆستا بکرێتە یەکەم.













گەلەری