وەزارەتی کارەبای حکومەتى هەرێم رایگەیاند، لە ئێستادا بڕی سێ هەزار و ٧٠٠ مێگاوات کارەبا بەرهەم دێت و رۆژانە بە تێکڕایی ١٨ کاتژمێر کارەبا دەدرێتە هاوڵاتییان.
ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی کارەبای هەرێم رایگەیاند، ئاستی بەرهەم هێنانی کارەبا سێ هەزار و ٧٠٠ مێگاواتە و خواست لەسەر کارەباش لە پێنج هەزار بۆ چوار هەزار و ٥٠٠ مێگاوات دابەزیوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، لە ئێستادا رۆژانە بە تێکڕایی نزیکەی ١٨ کاتژمێر
کارەبا دەدرێتە هاوڵاتییان.
ئەمە لەکاتێکدایە، لە مانگی رابردوودا وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، پلانیان
بۆ دابینکردنی کارەبایەکی بەردەوام بۆ هاوڵاتییان داڕشتووە و تاکۆتایی مانگی ئاب،
دەتوانن ١٥ کاتژمێر کارەبا بۆ هاوڵاتیان دابین بکەن.
ساڵانە، لەکاتی وەرزەکانی سەرما و گەرمادا، بڕی پێدانی کاتژمێرەکانی
کارەبا لەهەرێمی کوردستان بەرەو کەمبوونەوەیەکی بەرچاو دەڕوات و بەتێپەڕبوونی چەندین
کابینەی حکومەتی هەرێم و پاش چەندین بەڵێن بۆ چاککردنی، هێشتا پرۆسەی پێدانی کارەبای
نیشتیمانی بە هاوڵاتییانی هەرێم لەئاست داواکارییەکانیاندا نییە.