جۆو بایدن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا
PM:11:18:16/05/2023
2852 جار خوێندراوەتەوە
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا نامەیەکی ئاڕاستەی کۆنگرێسی وڵاتەکەی کردووە و تێیدا داوای کردووە بەردەوامی بە باری لە ناکاوی نیشتیمانی پەیوەست بە سەقامگیری عێراق بدرێت، ئەویش بەهۆکارى بوونی هەڕەشەو بەربەست لە بەردەم بونیادنانەوەو ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوەی عێراق.
دەقی نامەکەی جۆو بایدنی سەرۆکی ئەمەریکا لە ماڵپەری فەرمی کۆشکی سپی بڵاوکراوەتەوەو تێیدا هاتووە، دەقی ماددەی ٢٠٢ لە یاسای ژمارە ٥٠ى باری لە ناکاوی نیشتیمانی، کە بریتییە لە ئاگادارکردنەوەی کۆنگرێس لەبارەی بەردەوامبوونی باری لە ناکاو لە دوای رێکەوتی ساڵانەی خۆی.
ئاماژە بەوەشداوە، بەپێی ئەو ماددەیە باری لە ناکاوی نیشتیمانی
پەیوەست بە سەقامگیری عێراق کە بە بڕیاری جێبەجێکردنی ژمارە ١٣٣٠٣ لە رێکەوتی
مانگی ئایاری ساڵی ٢٠٠٣ دەرچووە بەردەوام دەبێت تاکو رێکەوتی ٢٢ی ئایاری ساڵی ٢٠٢٣.
ئەوەش خراوەتەڕوو، تاکو ئێستا ئەو بەربەستانەی رێگری لە بونیادنانەوەو
رێکخستنەوەو بەرقەراکردنی ئاشتی و ئاسایش و پاراستن و پەرەپێدانی دامەزراوە سیاسی
و کارگێری و ئابوورییەکان دەکەن، هەڕەشەیەکی نا ئاسایی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی و
سیاسەتی دەرەوەی عێراق دروستکردووە.
دەشڵێت، "بۆیە بڕیادرا باری لە ناکاوی نیشتیمانی پەیوەست بە
سەقامگیری عێراق بەردەوام بێت."