کاندیدی هاوپەیمانی ئاتا "باپیران" بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، ئەگەر کاندیدی هاوپەیمانی میللەت بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار بەڵێن بدات هیچ سازشێک بۆ پارتە کوردییەکان نەکات پاڵپشتی دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە، سینان ئۆغان کاندیدی هاوپەیمانی ئاتا بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەکرد، بە چەند مەرجێک لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکاندا پاڵپشتی لە کەمال کلێچدار ئۆغڵۆ کاندیدی هاوپەیمانی میللەت دەکات.
باسی لەوەشکردووە،
ئەگەر کاندیدی هاوپەیمانی میللەت بەڵێن بدات لە کاتی بوونی بە سەرۆک کۆماردا هیچ
سازشیک بۆ پارتە کوردییەکان نەکات، لە خولی
دووەمی هەڵبژاردنەکاندا پاڵپشتی دەکات.
ئەوەشی خستەڕوو،
ئەگەر کاندیدی هاوپەیمانی میللەت بەڵێنی ئەوەش بدات چارەسەری پرسی کۆچبەرانی هێڵە
سورەکانی وڵات بکات خۆی و هاوپەیمانێتییەکەی ئامادەن پاڵپشتییان بکەن.
لە رۆژی ١٤ی ئەم
مانگەدا هەڵبژاردنی تورکیا بەڕێوەچوو و تیایدا بەپێی ئەنجامە فەرمییەکان رەجەب تەیب
ئەردۆغان خاوەنی ٤٩.٥٠٪ـی دەنگەکانە و کەمال کلێچدار ئۆغلوش خاوەنی ٤٤.٨٩٪ـی دەنگەکانە
و سینان ئۆغان ٥.١٧٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و موحەڕەم ئینجەش کە چەند رۆژێک بەر لە
ئێستا کشانەوەی خۆی راگەیاند، خاوەنی ٠.٤٣٪ـی دەنگەکانە.
بەهۆی ئەوەی هیچکام
لە رکابەرەکان نەیانتوانی بەربەستی ٥٠٪+ یەکی دەنگەکان تێبپەڕێنن، بۆ یەکەمجار لەماوەی
١٠٠ ساڵدا هاوڵاتیانی تورکیا لە رۆژی ٢٨ی ئایار بۆ دەستنیشانکردنی سەرۆک کۆمار جارێکی
دیکە دەچنەوە سەر سندوقەکانی دەنگدان. لە دوێنێشەوە، بانگەشەی هەڵبژاردن دەستیپێکردووەتەوە.