سەردێڕ:

لە هەڵبژاردنی تورکیادا؛ بۆچی دەنگەکانی هەدەپە کەمیکرد؟

AM:08:42:16/05/2023

11304 جار خوێندراوەتەوە

لە رۆژی ١٤ی ئەم مانگەدا هەڵبژاردنی تورکیا بەڕێوەچوو و تیایدا بەپێی ئەنجامە بەراییەکان دەنگەکانی پارتی دیموکراتی گەلان "هەدەپە" کەمیکردووە و شەش کورسی پەرلەمانی لەدەستداوە.


لەو بارەیەشەوە جەبار قادر پسپۆڕی کاروباری تورکیا بە دەنگی ئەمریکای رایگەیاندووە، "هەندێک لە دروشمەکانی هەدەپە لەگەڵ هێزە پارێزگارەکان 'محافزکاران"ی کۆمەڵگەدا ناگونجێن، کە رێژەیەکی زۆر پێکدێنن و بە تایبەتی ئەوانەی ڕەوتی ئیسلامین، بە ئاشکرا خۆیان داوەتە پاڵ ئەردۆغان."

ئەو پسپۆڕەی تورکیا پێشبینیکرد، لە خولی دووەمدا ئەردۆغان سەربکەوێت و دەڵێت، "سینان ئۆغان لەوە دەچێت داوا لە پشتیوانانی بکات دەنگ بدەن بە ئەردۆغان چونکە هەندێک قسەی کردووە لەسەر ئەوەی نزیکبوونەوەی جەهەپە و هەدەپە لەیەکترەوە."

لەو بارەیەشەوە ئۆغان بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، "لەگەڵ دەنگدەرانماندا تاوتوێی بڕیارەکە دەکەین بۆ خولی دووەمی هەڵبژاردنەکان. بەڵام ئەوەمان ڕوون کردەوە کە شەڕی دژ بە تیرۆرزم و ناردنەوەی پەنابەرەکان هێڵی سورە بۆ ئێمە."

هاوکات، ئۆغان ئاماژەی بەوەشکردووە، لە دوای دەنگدانەکەی ڕۆژی یەکشەممەوە تا ئێستا چاوی بە ئەردۆغان و کیلیچدارئۆغڵو نەکەوتووە، بەڵام کراوە دەبێت بۆ دانوستان "بە پشتبەستن بە بنەماکانیان".

وتیشی، "بۆ نموونە دەتوانین پرۆتۆکۆلێک لەگەڵ هاوپەیمانی نەتەوەیی (بۆ پشتگیریکردنی کلیچدارئۆغڵو) واژۆ بکەین، بۆ ئەوەی ڕوون بێتەوە کە ئەوان هیچ دەسەڵاتێک بە هەدەپە نادەن."

بە پێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنەکانی تورکیا هەدەپە کە لە ژێر ناوی پارتی چەپی سەوز بەشداری هەڵبژاردنەکانی کردبوو توانیویەتی ٦١ کورسی پەرلەمان لە کۆی ٦٠٠ کورسیدا بەدەستبهێنێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا شەش کورسی لەدەستداوە و تا ئێستا هەدەپە هێشتا لە پەرلەماندا سێیەم گەورەترین پارتی سیاسییە.

هەدەپە لەم شارانەدا دەنگی یەکەمی بەدەستهێناوە: دێرسیم، ئامەد، مێردین، ئەلێ (باتمان)، موش، شیرنەخ، سێرت، بەتلیس، ئاگری، قەرس، ئیدر، وان و جولەمەرگ (هەکاری).

هەدەپە ڕێژەی بەربەستی لە ٪٧ ی تێپەڕاندووە و ٪١٠.٥٤ی بەدەستهێناوە، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٨ بەپێی ئاژانسی ئەنادۆڵو شەش کورسی لەدەستداوە، هەرچەندە ئەم ئەنجامە هێشتا ئەنجامی فەرمی نییە.

بەپێی یاسای تورکیا هەر پارتێکی سیاسی بتوانێت لە هەڵبژاردندا ٪٧ تێپەڕێنێت ئەوا لەلایەن خەزێنەی دەوڵەتەوە بودجەی بۆ دابین دەکرێت، تەنانەت ئەگەر لەگەڵ هاوپەیمانییەکدا بەشداربێت بەتەنها ئەو ڕێژەیەش بەدەستنەهێنێت هەر بودجەکە وەردەگرێت.

بەپێی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە ٪١٠٠ی دەنگە جیاکراوەکاندا، ئەردۆغان لە ٪٤٩.٥٠ی بەدەستهێناوە و کلیچدارئۆغڵو ٪٤٤.٨٩ ی بەدەستهێنا و کاندیدی سێیەمیش سینان ئۆغان لە هاوپەیمانی ئاتا ٪٥.١٧ ی بەدەستهێناوە. لەبەر ئەوەی هیچ کام لە کاندیدەکان نەیانتوانیوە بگەنە ٪٥١ی دەنگەکان بۆیە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی دەچێتە خولی دووەمەوە و خولی دووهەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی تورکیا لە ٢٨ی مانگی داهاتوو ئەنجام دەدرێت.

کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیاش دەڵێت ڕێژەی بەشداری دەنگندان لە تورکیا ٪٨٨.٩٢ بووە و لە دەرەوەی وڵاتیش ٪٥٢.٦٩ بووە.













گەلەری