سەردێڕ:

ڤیزای نێوان عێراق و ئێران ھەڵگیرا

PM:02:11:12/09/2021

115276 جار خوێندراوەتەوە

لە کۆنفرانسی رۆژنامەوانی ھاوبەشی نێوان سەرۆکی ئێران و سەرۆکوەزیرانی عێراقدا، ئیبراھیم رەئیسی رایگەیاند، رێککەوتوین لەسەر ھەڵگرتنی ڤیزا لەسەر گەشتیارانی ھەردوو وڵات.


ئەمرۆ یەکشەممە، لەچوارچێوەی کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسی ھاوبەشی نێوان مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئیبراھیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران، رەئیسی رایگەیاند، لەمەودوا گەشتیارانی ئێرانی و عێراقی پێویستییان بە ڤیزانابێت بۆ گەشت کردن لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا.
ئەوەشی خستەڕوو، "لە گفتوگۆکانماندا باسمان لە پەیوەندییە دارایی و بانکییەکانی نێوان ھەردوولا کرد".
وتیشی، چەندین بڕیاری دیکەی گرنگییان لەبارەی پەیوەندییەکانی ھەردوولا دەرکردووە.
لەلایەن خۆیەوە، مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، "گفتوگۆمان لەبارەی چەندین دۆسییەی گرنگی نێوان ھەر دوو وڵات کردووە کە پەیوەستن بە پەیوەندی مێژوویی و برایەتیمانەوە".
ئەمە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەسەرۆکایەتی شاندێکی باڵا گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران و لە لایەن ئیبراھیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئەو وڵاتەوە پێشوازی لێکرا.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، مستەفا کازمی لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ تاران بە مەبەستی تاوتوێکردنی ژمارەیەک دۆسیەی گرنگ لەوانە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە، لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسە گەورەکانی ئێران کۆدەبێتەوە.

کـ ، ئـ 













گەلەری