سەردێڕ:

ئەمریکا: لە ئالاسکا رێگریمان لە شەش فڕۆکەی روسیا کردووە

PM:09:06:14/05/2023

2936 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکایەتی هێزی بەرگری ئاسمانی ئەمریکا "نوراد" رایگەیاند، شەش فڕۆکەی روسییان لە نزیک ناوچەی بەرگری ئاسمانی ئالاسکا راگرتووە.


سەرۆکایەتی هێزی بەرگری ئاسمانی ئەمریکا راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، رۆژی ١١ی ٥ی ٢٠٢٣ شەش فڕۆکەی روسی نزیک ناوچەی بەرگری ئاسمانی ئالاسکا بوونەتەوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، ئەو شەش فڕۆکەیە لەلایەن هێزەکانیانەوە راگیراون کە لە سنوری ئاسمانی نێودەوڵەتیدا ماونەتەوە و نەچوونەتە ناو ئاسمانی ئەمریکا و کەنەدا.

راگەیەنراوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، فڕۆکەکانی روسیا جەنگی بوون و بۆمبی جۆری "تو-٩٥، ئێڵ-٨٧ و سو-٣٥"یان هەڵگرتووە.

لەبەرامبەردا، تاوەکو ئێستا روسیا لەسەر ئاستی فەرمی هیچ لێدوانێکیان لەبارەی رووداوەکەوە نەداوە و پشتڕاستییان نەکردووەتەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا باڵۆنێکی چین سنوری ئاسمانی ئەمریکای بەزاند و لەلایەن هێزی ئاسمانی ئەمریکاوە خرایە خوارەوە.

لایخۆیەوە، ئەمریکا باڵۆنەکەی چینی بە مەبەستی بەکارهێنانی بۆ کاری سیخوڕی و هەواڵگری لە قەڵەمدا و چینیش ئەو لێدوانانەی ئەمریکای رەتکردەوە و رایگەیاند، باڵۆنەکەیان بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە دۆخی کەش و هەوا و زانستی بەکارهێناوە.













گەلەری