سەردێڕ:

ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا: پرۆسەی دەنگدان بێ هیچ گرفتێک بەڕێوەدەچێت

PM:01:31:14/05/2023

2676 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا دەنگیدا و لە پەیامێکیدا رایگەیاند، پرۆسەی دەنگدان بێ هیچ کێشەیەک بەڕێوەدەچێت.


ئەحمەد یەنیر سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە قوتابخانەی ئەرجەنتینی سەرەتایی لە ناوچەی جۆکۆرامبار دەنگی داو لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا ئاماژەی بەوەدا، هیوای بەختێکی باش بۆ دیموکراتی دەخوازێت و دەنگەکەی خستە ناو سندوقی ژمارە ٤٢٣٤.

وتیشی، ئەمڕۆ ١٤ی ٥ رۆژی دیموکراتیە و هیوای خواست هەڵبژاردنەکان بۆ سەرجەم کاندیدەکان و پارت و پەرلەمانتاران و دەنگدەران بەسود بێت.

ئەحمەد یەنیر ئاماژەی بەوەکرد، تا ئێستا پرۆسەی دەنگدان بێ هیچ گرفتێک بەڕێوەدەچێت و هیواخوازە بێ هیچ گرفتێک بەردەوامبێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، بەیانی ئەمڕۆ، کاتژمێر ٨:٠٠ سندوقەکانی دەنگدان بەرووی ٦٤ ملیۆن و ١١٣ هەزار کەسدا کرایەوە کە تا کاتژمێر ٥:٠٠ی ئێوارە بەردەوامدەبێت، لەو رێژەیەش چوار ملیۆن و ٩٠٤ ھەزار و ٦٧٢ کەسیان بۆ یەکەم جارە دەنگ دەدەن، ئەم هەڵبژاردنە لەناوخۆی تورکیادا بە 'هەڵبژاردنی سەدە' ناودەبرێت.

بەگوێرەی زانیارییە نافەرمییەکان ٢٥ بۆ ٣٠ ملیۆن کورد لە تورکیا دەژین و لەو نێوەندەشدا نزیکەی ١٥ ملیۆن هاوڵاتی کورد مافی دەنگدانی هەیە.

ئەم خولەی پەرلەمانی تورکیا ٢٨ ەمین خولی پەرلەمانە، تێیدا بازنەکانی دەنگدان بە ٨٧ بازنە لە تورکیا و دەرەوەی تورکیا دیاریکراوە و ژمارەی سندوقەکانی دەنگدانیش ١٩١ هەزار ٨٨٤ سندوقە کە تیایدا ٢٤ پارت بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکان کردووە لەگەڵ ١٥١ کاندیدی سەربەخۆ.

ململانێیەکی بەهێزیش لەنێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان و کەمال کلیچدار ئۆغلۆ هەیە لەسەر بەدەستهێنانی کورسی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، لەسەر پشکی هەریەکە لە پارتەکانی 'گەلی کۆماری تورکیا' و 'پارتی داد و گەشەپێدان' خۆیان کاندید کردووە.

لەم هەڵبژاردنەدا کورد کاریگەری بەرچاوی هەیە لە یەکلایی کردنەوەی ململانێکانی نێوان دوو کاندیدەکەی سەرۆکایەتی و پارسەنگ کردنی تەرازووی هێز لەنێوان حزبی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆندا.

پارتی دیموکراتی گەلان'هەدەپە' بە بەهێزترین پارتی سیاسی کوردی دادەنرێت و لە ئێستادا لەژێر ناوی پارتی سەوزدا پاڵپشتی کەمال کلیچدار ئۆغلۆ دەکات.

هەروەها، بەگوێرەی راپرسییەکان کە لەماوەی رابردودا لە تورکیا ئەنجامدراون، دەنگەکەکانی کەمال کیلچدارئۆغلو، کاندیدی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا لە پێش دەنگەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی کۆماری ئێستا و کاندیدی ئاکپارتی و مەهەپەوەیە.













گەلەری