سەردێڕ:

ئەردۆغان: هیوادارین دەنگدەرانمان هێزی دیموکراسی تورکیا نیشانبدەن

PM:12:26:14/05/2023

2548 جار خوێندراوەتەوە

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدان و کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری تورکیا لە یەکێک لە بنکەکانی دەنگدان لە شاری ئەستەنبوڵ دەنگیدا و لە پەیامێکیدا ئاماژەی بەوەدا، "هیوادارین دەنگدەرانمان هێزی دیموکراسی تورکیا نیشانبدەن".


رەجەب تەیب ئەردۆغان کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار دوای دەنگدان لە یەکێک لە بنکەکانی دەنگدان لە شاری ئەستەنبوڵ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، "دەنگمان دا و لە ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکانیشدا هاوڵاتییانمان بە جۆشەوە لە پرۆسەی دەنگدان بەشدارن".

ئاماژەی بەوەشدا، "هیوادارین لەدوای جیاکردنەوەی دەنگەکان پاشەڕۆژێکی بەخێر بۆ خەڵکەکەمان بەدیبێت".

وتیشی، ئومێد دەکات دەنگدەران هێزی دیموکراسی تورکیا نیشانبدەن.

پێشتریش، کەمال کلیچدار ئۆغلۆ کاندیدی هاوپەیمانی میللەت بۆ سەرۆک کۆماری تورکیا لە بنکەیەکی دەنگدان لە شاری ئەنقەرە دەنگیدا و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، "دیموکراسی بۆ تورکیا گرنگە و ئێمە بیری دیموکراسیمان دەکرد".

لە درێژەی قسەکانیدا کلیچدار ئۆغلۆ رووی لە هاوڵاتییان و دەنگدەران کرد و وتی، "رێز و حورمەتم هەیە بۆتان، دیموکراسی بۆ ئێمە گرنگە، دیموکراسی بۆ تورکیا گرنگە و ئێمە بیری دیموکراسیمان دەکرد، پشت بەخوا بەهار رو لە وڵاتەکەمان دەکات".

ئەمە لەکاتێکدایە، بەیانی ئەمڕۆ، کاتژمێر ٨:٠٠ سندوقەکانی دەنگدان بەرووی ٦٤ ملیۆن و ١١٣ هەزار کەسدا کرایەوە کە تا کاتژمێر ٥:٠٠ی ئێوارە بەردەوامدەبێت، لەو رێژەیەش چوار ملیۆن و ٩٠٤ ھەزار و ٦٧٢ کەسیان بۆ یەکەم جارە دەنگ دەدەن، ئەم هەڵبژاردنە لەناوخۆی تورکیادا بە 'هەڵبژاردنی سەدە' ناودەبرێت.

بەگوێرەی زانیارییە نافەرمییەکان ٢٥ بۆ ٣٠ ملیۆن کورد لە تورکیا دەژین و لەو نێوەندەشدا نزیکەی ١٥ ملیۆن هاوڵاتی کورد مافی دەنگدانی هەیە.

ئەم خولەی پەرلەمانی تورکیا ٢٨ ەمین خولی پەرلەمانە، تێیدا بازنەکانی دەنگدان بە ٨٧ بازنە لە تورکیا و دەرەوەی تورکیا دیاریکراوە و ژمارەی سندوقەکانی دەنگدانیش ١٩١ هەزار ٨٨٤ سندوقە کە تیایدا ٢٤ پارت بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکان کردووە لەگەڵ ١٥١ کاندیدی سەربەخۆ.

ململانێیەکی بەهێزیش لەنێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان و کەمال کلیچدار ئۆغلۆ هەیە لەسەر بەدەستهێنانی کورسی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، لەسەر پشکی هەریەکە لە پارتەکانی 'گەلی کۆماری تورکیا' و 'پارتی داد و گەشەپێدان' خۆیان کاندید کردووە.

لەم هەڵبژاردنەدا کورد کاریگەری بەرچاوی هەیە لە یەکلایی کردنەوەی ململانێکانی نێوان دوو کاندیدەکەی سەرۆکایەتی و پارسەنگ کردنی تەرازووی هێز لەنێوان حزبی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆندا.

پارتی دیموکراتی گەلان'هەدەپە' بە بەهێزترین پارتی سیاسی کوردی دادەنرێت و لە ئێستادا لەژێر ناوی پارتی سەوزدا پاڵپشتی کەمال کلیچدار ئۆغلۆ دەکات.

هەروەها، بەگوێرەی راپرسییەکان کە لەماوەی رابردودا لە تورکیا ئەنجامدراون، دەنگەکەکانی کەمال کیلچدارئۆغلو، کاندیدی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا لە پێش دەنگەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی کۆماری ئێستا و کاندیدی ئاکپارتی و مەهەپەوەیە.













گەلەری