سەردێڕ:

سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق وادەی پەسەندكردنی بودجەی ئاشکرا کرد

PM:12:03:14/05/2023

1904 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لەم هەفتەیەدا پەرلەمانی عێراق پرۆژە یاسای بودجەی ساڵانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ ، ٢٠٢٥ پەسەند دەکات.


شاخوان عەبدوڵا جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە، بڕیارە لیژنەی دارایی راپۆرتی كۆتایی خۆی لەسەر رەشنووسی یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ ،٢٠٢٥ تەواو بكات.

دەشڵێت، ئەم هەفتەیە پەرلەمانی عێراق دانیشتنێكی تایبەت لەسەر دەنگدان و پەسەندكردنی پرۆژە یاسای بودجە ساز دەکات.

دەشڵێت، یاسای بودجە گرنگە و هەموو هاوڵاتییانی عێراق لەسەرجەم پارێزگاکان چاوەڕێی پەسەندکردنى بودجە دەكەن.

ئەمە لەکاتێکدایە، پێشتر هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت ئاشکرای کرد، لایەنە سیاسییەكان رۆژی ١٧ی ئەم مانگەیان دیاریكردوە بۆ دەنگدان لە سەر پرۆژە یاسای بودجەی ساڵانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٥،٢٠٢٤.

لە رۆژی ١٣ی ٣ی ٢٠٢٣ لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا بەسەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکی حکومەتی عێراق پرۆژە یاسای بودجەی ساڵەکانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ پەسەندکرا.

پڕۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢٣ گەورەترین پڕۆژەیاسایە و بڕەکەی زیاتر لە ١٩٨ ترلیۆن دینارە و کورتهێنانیش زیاترە لە ٦٠ ترلیۆن دینار، هاوکات لە بودجەدا پشکی هەرێمی کوردستان بە ریژەی لە ٪١٢.٦٧ جێگیرکراوە.













گەلەری