سەردێڕ:

سودانی داوایەکی ئاڕاستەی جوتیاران کرد

PM:10:02:13/05/2023

2140 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لە جوتیاران کرد بەرهەمەکانیان بە نوسینگە بازرگانییەکان نەفرۆشن تا قازانج زیاتر بکەن. دەشڵێت، "بەدواداچوون بۆ دواکەوتنی پێدانی شایستە داراییەکانی جوتیاران دەکات".


نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، لەسەردانێکیدا بۆ پارێزگای نەینەوا و کۆبوونەوەی لەگەڵ جوتیاراندا، محەمەد شیاع سودانی جەختیکردوە لەسەر پاڵپشتیکردنی حکومەت لە جوتیاران.

ئاماژەی بەوەشدا، لەگەڵ هاتنی وەزری کڕینی دانەوێڵە حکومەت دەستیکردووە بە کردنەوەی هەژمار بۆ جوتیاران بە ئامانجی دڵنیاییدان پێیان و چەند رێکارێکی گرتووەتە بەر بۆ کردنەوەی ژمارەیەک بنکەی کڕینی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و دانەوێڵەی جوتیاران.

وتیشی، لەگەڵ ئەوەی یاسای بودجەی گشتی پەسەند نەکراوە بەڵام بڕێک پارە بۆ شایستە داراییەکانی جوتیاران تەرخانکراوە و ئەو جوتیارانەی بەرهەمەکانیان بە حکومەت دەفرۆشن لەماوەیەکدا کە لە دوو هەفتە تێپەڕناکات شایستەکانیان پێدەدرێت.

سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لەوەشکرد، لەگەڵ کرێنی بەرهەمی گەنم و دانەوێڵەی جوتیاران لە ماوەی دوو رۆژدا شایستە داراییەکانیان پێدەدرێت.

هەروەها، داوای لە جوتیاران کرد بەئامانجی ئەوەی زۆرترین قازانج بکەن بەرهەمەکانیان بە نوسینگەکانی بازرگانی نەفرۆشن و بیدەن بە حکومەت.

دەشڵێت، بەدواداچوون بۆ داوکەوتنی پێدانی شایستە داراییەکانی بەشێک لە جوتیاران دەکات کە گەنمە شامییان بە حکومەت فرۆشتووە.

محەمەد شیاع سودانی ئەوەشی ئاشکرا کرد، پشتیوانی لە کەرتی کشتوکاڵ دەکەن لە هەر دوو کەرتی گشتی و تایبەت، بەمەش ئابوری وڵات بەرەوپێش دەچێت و تەنها پشت بە کەرتی کشتوکاڵی تاک لایەنە نابەستن.













گەلەری