سەردێڕ:

زانیاری نوێ لەبارەی دەرهێنانی کارتی نیشتیمانییەوە

PM:08:48:13/05/2023

3480 جار خوێندراوەتەوە

فەرمانگەی کاروباری کارتی نیشتیمانی سەربە فەرمانگەی باری شارستانیی رایگەیاند، دەستکراوە بە جێبەجێکردنی ئەو پلانەی بۆ ئاسانکاری رێکارەکان و کەمکردنەوەی قەرەباڵغی دانراوە. دەشڵێت، "دوای پەسەندکردنی بودجە لە پارێزگاکان بەهەرێمیشەوە بنکەی نوێی دەرکردنی کارتی نیشتیمانی دەکرێنەوە".


محەمەد ناجی حسێن بەڕێوەبەری فەرمانگەی کاروباری کارتی نیشتیمانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، پلانێکی تەواوکاری بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵغی لە سەرجەم فەرمانگەکان خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە بۆ ئەو مەبەستەش چارەسەری هونەری پێشکەش کراوە.

دەشڵێت، لە ئێستادا سەرقاڵی واژۆکردنی گرێبەستێکن لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەڵمانی بۆ جێبەجیکردن و تەواوکردنی کارتی نیشتیمانی.

ئاماژەی بەوەشدا، لە دوای پەسەند کردنی بودجەی فیدڕاڵی چەند بنکەیەکی دیکە بۆ تەواوکردنی کارتی نیشتیمانی لەسەرجەم پارێزگاکاندا بەهەرێمیشەوە دەکرێنەوە.

محەمەد ناجی حسێن وتیشی، ئەم بنکانە پێشوازی لە هاوڵاتییان دەکەن بەوانەشەوە کە لە پارێزگای دیکە نیشتەجێن و لە پارێزگایەکی دیکە خۆیان تۆمار دەکەن یان لەناوچە دوورە دەستەکان نیشتەجێن، ئەمەش بە ئامانجی کەمکردنەوەی قەرەباڵغی لەسەر فەرمانگەکان و ئاسانکاری بۆ ئەوانەی لە ناوچە دوورە دەستەکانەوە دێن بۆ پارێزگاکان.

دەشڵێت، بۆ رەوەندی عێراقی لە دەرەوەی وڵات چەند بنکە و وێستگە دەکەنەوە و لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە سەرقاڵی کارە یاسایی و هونەرییەکانن.

بەڕێوەبەری فەرمانگەی کاروباری کارتی نیشتیمانی عێراق ئەوەشی ئاشکرا کرد، بە گوێرەی رێنماییەکانی ژمارە ١ی ساڵی ٢٠١٧ منداڵی خوار تەمەن ١٢ ساڵ کارتی نیشتیمانی پێنادرێت، چونکە پەنجەمۆری رووننیە.

دەشڵێت، ئەو منداڵانەی تازە لەدایک بوون و پێناسی باری شارستانییان نییە، یان ئەوانەی پێناسەکانیان ونبووە یان خراپبووە، مامەڵەکردن لەگەڵیاندا جیاوازە و کارتی نیشتیمانییان پێدەدرێت.













گەلەری