سەردێڕ:

ئەڵمانیا هاوکاری سەربازی پێشکەش بە ئۆکرانیا دەکات

ژمارەیەک تانک کە وەک هاوکارى دەدرێتە ئۆکرانیا
PM:02:49:13/05/2023

1732 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتی ئەڵمانیا بەبەهای سێ ملیار دۆلار هاوکاری نوێی سەربازی پێشکەش بە ئۆکرانیا دەکات.


وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا لەراگەیەندراوێکدا باسی لەوەکردووە قەبارەی هاوکارییەکانی ئەمجارە خۆی دەبینێتەوە لە پێدانی ٣٠ تانک لەجۆری لیۆپاردی ١ و ١٥ زرێپۆشی دژە فڕۆکەی جیپارد و ٢٠٠ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەگەڵ چوار سیستەمی دژە فڕۆکە لەجۆری ئەیەرس تی.

هاوکارییە سەربازییەکانی بەرلین بۆ کێیڤ لەسەرەتای هەڵگیرسانی جەنگەکەوە بەمشێوەیە نەبووە، ئەوەش لەکاتێکدایە حکومەتی ئەڵمانیا بەڵێنیداوە هاوکاری زیاترى ئۆکرانیا بکات.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی ئەمەریکی، لەزارى بۆریس بیستۆریۆس وەزیری بەررگری ئەڵمانیاوە، باسیلەوەکردووە، هەموویان دەخوازن هەرچی زووە جەنگەکە کۆتایی پێبێت، بەڵام بەداخەوە ئەوە شتێکی چاوەڕواننەکراوە بۆیە لەبەرامبەردا ئەڵمانیا هەر هاوکارییەک لەسنووری توانایدا پێشکەش بە ئۆکرانیا دەکات.

لایخۆیەوە ئەندریە یەرماک بەڕێوەبەری نوسینگەی ڤۆڵۆدیمێر زێلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا، لەتۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام ئاماژەی بەوەداوە بەشێکی دیکە هاوکاری سەربازی نوێیان بەدەست گەیشتووەو سوپاسی هاوپەیمانانی کرد.

ئەوە لەکاتێکدایە، ئۆکرانیا فشاری لەهاوپەیمانەکانی کردووە بۆئەوەی هاوکارییان بکەن ئەوەش لەرێگەی پێدانی چەک و فڕۆکەی جەنگی و موشەکی دوور هاوێژەوە بەر لەدەستپێکردنی هێرشی پێچەوانە کە چاوەڕێدەکرێت لەچەند هەفتەی داهاتوو یان مانگەکانی داهاتوودا دەستپێبکات.

هەر لەسەرەتای جەنگەکەوە ئەڵمانیا هاوکاری سەربازی لەرێگەی پێدانی چەکی قورسەوە پێشکەش بە ئۆکرانیا کردووە بۆئەوەی بتوانێت رووبەڕووی سوپای روسیا ببێتەوە هەتاکو جەنگەکە زیاتر پەرە نەسێنێت.

هاوکات بەرلین لەکانوونی دووەمدا رەزامەندی نواند لەسەر پێدانی تانکی لیۆپاردو رایگەیاند ئەوان لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان کار لەسەر ناردنی هاوکاری زیاتر بۆ ئۆکرانیا دەکەن.

لەسەرەتای جەنگەکەوە ٤٢ وڵات هاوکاری ئۆکرانیایان کردووەو ئەمەریکا بەبەهای ٧٦.٨ بلیۆن دۆلار هاوکاری پێشکەش بەو وڵاتە کردووەو هاوکارییەکانیش لەبواری دارایی و هاوکاری ئەمنی و چەک و کەرەستەی جەنگی و پێدانی قەرز بۆکڕینی چەک و پێداویستییە سەربازییەکان بووە.













گەلەری