سەردێڕ:

لەگەڵ زیادبوونی نیگەرانییەکانی ئەمریکا؛ روسیا پەرە بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەفریقا دەدات

سەرۆکی روسیا و سەرۆکی ئەفریقای باشوور
PM:10:13:12/05/2023

1772 جار خوێندراوەتەوە

کۆشکی سەرۆکایەتی روسیا رایگەیاند، سەرۆکی ئەو وڵاتە و سەرۆکی ئەفریقای باشوور پەیوەندییەکی تەلەفونییان ئەنجامداوە و ریککەوتوون لەسەر پەرەدان بە پەیوەندییەکانی نێوانیان.


سەرەڕای نیگەرانییەکانی ئەمریکا لەبارەی هەناردەکردنی چەک لە ئەفریقاوە بۆ روسیا ئەمڕۆ هەینی، کۆشکی کریملین لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوەکردووە، ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا و سیریل رامافوزا سەرۆکی ئەفریقای باشوور پەیوەندییەکی تەلەفونیان ئەنجامداوە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، سەرۆکی ئەفریقای باشوور پێشنیازی کردووە پەیوەندییە تەلەفونییەکە ئەنجامبدرێت و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پەرەدان بە پەیوەندییە هاوبەشەکانیان لە بوارە جیاوازەکاندا.

پێشتریش ئەمریکا ئەفریقای باشووری بەوە تۆمەتبار کرد هاوکاری روسیای کردووە و چەکی بۆ دابینکردووە تاوەکو هێرشبکاتە سەر ئۆکرانیا و باشوری ئەفریقاش رۆبن بریگێتی باڵیۆزی ئەمریکای لە وڵاتەکەی بانگهێشت کرد بۆ لێپرسینەوە لەو تۆمەتانەی ئەمریکا ئاڕاستەی کردووە.

رۆبن بریگێتی باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەفریقای باشوور باسی لەوەکرد، لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی رابردوو ئەفریقای باشوور چەک و تەقەمەنی بۆ روسیا ناردووە.

لە ٢٤ـی شوباتی ساڵی رابردووەوە جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیا دەستی پێکردووە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە و لە سەرەتای جەنگەکەشەوە ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا پاڵپشتی خۆیان بۆ ئۆکرانیا راگەیاند.













گەلەری