سەردێڕ:

وەزارەتی بازرگانی: رۆژانە ٤٠ هەزار تەن گەنم لە جوتیاران وەردەگیرێت

PM:03:59:12/05/2023

2512 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، بەهۆی پاڵپشتی حکومەتەوە لە ئێستادا دەتوانرێت رۆژانە ٤٠ هەزار تەن گەنم لە جوتیاران وەربگیرێت.


ئەمرۆ هەینی، محەمەد حەنون وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراقی راگەیاند، جوتیاران یەک رۆژ دوای ئەوەی گەنمەکەیان رادەستی سایلۆکان دەکەن شایستە داراییەکانیان پێدەدرێت.

ئاماژەی بەوەشدا، وەزارەتی بازرگانی تا ئێستا سێ گوژمە پارەی شایستەی دارایی جوتیارانی لە وەزارەتی دارایی وەرگرتووە کە بریتییە لە ٥٠٠ ملیار دینار بۆ هەر گوژمەیەک.

دەشڵێت، "پێدانی شایستەداراییەکان بەشێوەیەکی زۆر کارئاسانانە بەڕێوەدەچێت و هیچ گرفتێکی نییە".

محەمەد حەنون ئەوەشی خستووەتەڕوو، پێشتر رۆژانە ٢٠ هەزار تەن گەنم لە جوتیاران وەردەگیرا، بەڵام بەهۆی پاڵپشتیکردنی حکومەتەوە لە جوتیاران لە ئێستادا رۆژانە ٤٠ هەزار تەن گەنم وەردەگیرێت.

وتیشی، تا ئێستا لە پارێزگای موسەننا زۆرترین بڕی گەنم لە جوتیاران وەرگیراوە کە ٢٠٠ هەزار تەنی تێپەڕاندووە.

ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ حەیدەر ئەلکرعاوی بەرێوەبەری کۆمپانیای گشتی بازرگانی دانەوێڵە ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی بارینی بارانی زۆر و هاوکارییەکانی حکومەت بۆ جوتیاران لەرێگەی رەخساندن و رادەستکردنی سیستمی پێشکەوتووی ئاودان و هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی بەرهەمی گەنم لە ئاستێکی بەرزدایە و هیچ گرفتێکیش لەبەردەم بەبازاڕکردنی گەنمدا نییە.

ئاماژەی بەوەشدا، "پرۆسەی رادەستکردنی دانەوێڵە لە وەرزی ئێستادا دوو هێندە زیادی کردووە و هەرپارێزگایەک رۆژانە ١٠٠ بەرهەڵگری رادەست دەکرد و ئەو ژمارەیەش لەئێستادا بووە بە ٢٠٠ بارهەڵگر و ئەوانەش کە ٢٠٠ بارهەڵگریان رادەستکردووە ئێستا بووە بە ٤٠٠ بارهەڵگر و هیچ گرفتێکیش دروست نەبووە و باشترین جۆری گەنمیش بەرهەمهاتووە.

لەلایەکی دیکەوە، حەیدەر ئەلکرعاوی بەرێوەبەری کۆمپانیای گشتی بازرگانی دانەوێڵە بە ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراقی راگەیاند، تاوەکو ئێستا بڕی ٧٥٠ هەزار تەن گەنم لە جوتیاران بە نرخی ٨٥٠ هەزار دینار کڕدراوە.













گەلەری