سەردێڕ:

وەزارەتی بازرگانی عێراق: ٣٣ هەزار تەن برنجی بەشەخۆراکی هاوڵاتییان گەیشتووەتە وڵات

PM:02:49:12/05/2023

1440 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، کەشتییەکی بارهەڵگری بە ٣٣ هەزار تەن برنج بۆ بەشەخۆراکی هاوڵاتییان گەیشتووەتە عێراق و بەسەر هاوڵاتییاندا دابەشدەکرێت.


ئەمڕۆ هەینی، لەما هاشم موسەوی بەڕێوەبەری گشتی خۆراک لە وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، کەشتییەکی بارهەڵگر گەیشتوەتە بەندەری ئوم قەسر و ٣٣ هەزار تەن برنجی بەرهەمهێندراو لە وڵاتی ئۆرۆگوای و ئەرجەنتینەو هاوردەی عێراق کردووە.

باسی لەوەشکرد، ئەو بڕە برنجە بۆ بەشە خۆراکی مانگانەی هاوڵاتییان تەرخان دەکرێت و دوای پشکنین و دڵنیابوونەوە لێی دەدرێتە بریکارەکانی خۆراک.

دەشڵێت، لەگەڵ گەیشتنی بارهەڵگرەکە تیمێک لە بنکەی کوالێتی کۆنتڕۆڵ پشکینینی سەرەتایی بۆ دەکەن و دواتر نمونەکان رەوانەی تاقیگەی بەغدا دەکرێن تا تەواوی پشکنینەکان تەواودەبن تا بزانرێت ئایا دەتوانرێت بخورێت یان نا.

لەما هاشم موسەوی وتیشی، دوا ئەوەی لە پشکینین دەرچوو، کۆمپانیای بازرگانی گشتی دەست بە داگرتنی برنجەکە دەکات و بەسەر پارێزگاکاندا دابەشدەکرێت تا لە رێی بریکارەکانەوە بەسەر هاوڵاتییاندا دابەشبکرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، حکومەتی عێراق مانگانە سەبەتەی خۆراکی بەسەر سەرجەم پارێزگاکاندا دابەشدەکات و چەندین ماددەی خۆراکی وەک برنج و فاسۆلیا و رۆنی زەیت و شەکر و دۆشاوی تەماتە لەخۆ دەگرێت.













گەلەری