کۆمپانیای گشتی بازرگانی دانەوێڵە رایگەیاند، ئەمساڵ بەبازاڕکردنی گەنم هیچ گرفتی تێدا نییە و بڕی بەرهەمی گەنم لە ئاستێکی بەرزدایە. دەشڵێت، "تاوەکو ئێستا بڕی ٧٥٠ هەزار تەن گەنم لە جوتیاران کڕدراوە".
حەیدەر ئەلکرعاوی بەرێوەبەری کۆمپانیای گشتی بازرگانی دانەوێڵە ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی بارینی بارانی زۆر و هاوکارییەکانی حکومەت بۆ جوتیاران لەرێگەی رەخساندن و رادەستکردنی سیستمی پێشکەوتووی ئاودان و هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی بەرهەمی گەنم لە ئاستێکی بەرزدایە و هیچ گرفتێکیش لەبەردەم بەبازاڕکردنی گەنمدا نییە.
باسی لەوەشکرد، لەژێر فەرمانەکانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق
وەزارەتی دارایی هەموو ١٠ رۆژ جارێک بڕی ٥٠٠ ملیار دیناری پێشکەش بە وەزارەتی
کشتوکاڵ کردووە بۆئەوەی شایستەداراییەکانی جوتیاران بدات.
ئەوەشی خستەڕوو، هەماهەنگییەکی باش لەگەڵ وەزارەتی داراییدا هەیە بۆئەوەی
شایستە داراییەکانی جوتیاران بەبێ دواکەوتن بدرێت.
حەیدەر ئەلکرعاوی وتیشی، ئەوان
دوو گوژمەیان لە شایستەی دارایی جوتیاران دابەشکردووە و ئەمڕۆش گوژمە سێیەم دابەشدەکرێت.
ئاماژەی بەوەشدا، پێدانی شایستە داراییەکان بەجوتیاران لە رۆژی گەیاندنی
دانەوێڵەکە یان رۆژی دواتر دەبێت، ئەمەش یەکەمجارە لەعێراقدا شتێکی لەوشێوەیە
رووبدات و بەگوێرەی رێنماییەکانی سەرۆک وەزیران سایلۆکانی وەزارەت تا کاتژمێر سێی
بەیانی دانەوێڵە لە جوتیاران وەردەگرن.
دەشڵێت، "پرۆسەی رادەستکردنی دانەوێڵە لە وەرزی ئێستادا دوو هێندە زیادی
کردووە و هەرپارێزگایەک رۆژانە ١٠٠ بەرهەڵگری رادەست دەکرد و ئەو ژمارەیەش لەئێستادا
بووە بە ٢٠٠ بارهەڵگر و ئەوانەش کە ٢٠٠ بارهەڵگریان رادەستکردووە ئێستا بووە بە
٤٠٠ بارهەڵگر و هیچ گرفتێکیش دروست نەبووە و باشترین جۆری گەنمیش بەرهەمهاتووە.
لەلایەکی دیکەوە، حەیدەر ئەلکرعاوی بەرێوەبەری کۆمپانیای گشتی بازرگانی
دانەوێڵە بە ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراقی راگەیاند، تاوەکو ئێستا بڕی ٧٥٠ هەزار
تەن گەنم لە جوتیاران بە نرخی ٨٥٠ هەزار دینار کڕدراوە.