سەردێڕ:

چین و فەڕەنسا لەسەر ئەم دۆسیەیە رێککەوتن

PM:05:04:11/05/2023

1864 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا رایگەیاند، لەگەڵ چین رێککەوتن لەسەر پێویستییەکان بۆ پەرەپێدان بە پەیوەندییەکی ئابوری بەهێزتر و هاوسەنگتر.


ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، کاسرین کۆلۆنا وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا و چن کانگ وەزیری دەرەوەی چین کۆبوونەوە و لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابورییەکان رێککەوتوون.

وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، کاسرین کۆلۆنا لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوەداوە، چین رۆڵێکی گرنگی هەیە لە رازیکردنی روسیادا بۆ گەڕانەوەی بۆ سەر پابەندبوونی تەواوەتی بە پەیماننامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، بە تایبەتی لەسەر سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئۆکرانیا.

هەروەها، چن کانگ وەزیری دەرەوەی چین راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، پێویستە فەڕەنسا و چین هەوڵ بدەن لە بواری ئابوی و بازرگانی هاریکاری یەکتر بکەن.

ئاماژەی بەوەشدا، پابەندبوونی چین بە گەشەپێدانێکی کوالێتی بەرز و کراوەییەکی ئاست بەرزەوە جێگیرە، هەروەها ئامادەیە لەگەڵ فەڕەنسا و وڵاتانی دیکەی جیهانیشدا کاربکات.

دەشڵێت، فەڕەنسا و چین دەبێت هاریکارییەکانی نێوانیان لە کاروباری نێودەوڵەتیدا پتەوتر بکەن و پێکەوە کاربکەن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئاستەنگە جیهانییەکاندا، بە قەیرانی ئۆکرانیاشەوە.

چن کانگ باسی لەوەشکرد، چین پابەندە بە هاندانی لایەنەکانەوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی بۆ قەیرانی ئۆکرانیا و پاراستنی پەیوەندییەکان لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان، بەردەوامیش دەبێت لە بینینی رۆڵێکی بونیادنەرانە لەو بارەیەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، کۆبوونەوەکەی نێوان کاسرین کۆلۆنا وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا و چن کانگ وەزیری دەرەوەی چین دوای سەردانەکەی ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا دێت لە مانگی نیساندا بۆ چین و چەند هەفتەیەک دوای ئەوە دێت باڵیۆزی چین لە پاریس بەهۆی لێدوانێکییەوە سەبارەت بە ئۆکرانیا گرژییەکی دیبلۆماتی دروست کرد.













گەلەری