سەردێڕ:

حکومەتى عێراق لەسەر هەڵگرتنى چەک هاتە دەنگ و بەڵێنى سزادانى هەڵگرانى چەکى بێمۆڵەت دەدات

عەبدول ئەمیر شەممەرى وەزیرى ناوخۆى عێراق
PM:01:54:11/05/2023

1604 جار خوێندراوەتەوە

وەزیرى ناوخۆى عێراق رایگەیاند، پێویستە گرنگى بدرێت بە رێگریکردن لە هەڵگرتنى چەک لە عێراقداو دەبێت هەموو چەکێک لە بەڕێوەبەرایەتییەکانى پۆلیس تۆمار بکرێن.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، عەبدول ئەمیر شەممەرى وەزیرى ناوخۆى عێراق، بە میدیاى عێراقى راگەیاندووە، داوایان لە پارێزگارەکان و بەڕێوەبەرانى پۆلیس و فەرماندەى کردە ئەمنییەکان لەسەرجەم پارێزگاکانى عێراق کردووە، بۆئەوەى پلانێکى تۆکمە دابڕێژن تاکو چەک جگە لە دەوڵەت لەدەستى کەسى تردا نەبێت.

هاوکات وەزیرى ناوخۆى عێراق رایگەیاند، ئەو پلانەى دایانڕشتووە، بۆ سێ قۆناغ دابەشکراوە، پلانى نزیک و ناوەند و دوور مەودا، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان گفتوگۆیان لەبارەى لایەنى میدیایى و یاسایى و کارگێڕییەکان لەسەر رێگریکردن لە هەڵگرتنى چەک کردووە.

هەروەها داواى لە هاووڵاتیانى عێراق کرد، پابەندبن بەبڕیارەکانى حکومەتەوەو چەکى بێ مۆڵەت هەڵنەگرن، بەڵێنیشیدا هەرکەسێک سەرپێچى یاسا بکات ئەوا بەتووندترین شێوە سزا دەدرێت.

وەزیرى ناوخۆ جەختیکردەوە، لە پێویستى تۆمارکردنى چەکى سووک لە بنکەکانى پۆلیسى پارێزگاکان، بۆ ئەو مەبەستەش بنکەیەکى تۆمارکردن دەکەنەوە.

لەکۆتایى لێدوانەکەیدا عەبدول ئەمیر شەممەرى وتى، لەئاییندەیەکى نزیکدا، هەڵمەتى گەڕان و پشکنین و دانانى بازگە بۆ دەستبەسەردا گرتنى چەکى بێمۆڵەت، دەستپێدەکەن.

وتەکانى وەزیرى ناوخۆى عێراق لەکاتێکدایە، چەندین کەس و لایەن و گرووپ، چەکى بێمۆڵەتیان پێیەو بەگوێرەى ئامارەکانى وەزارەتى ناوخۆ، رووداوەکانى کوشتن و شەڕى نێوان هۆزەکان و دەستدرێژیکردنە سەر موڵک و ماڵى خەڵک زیادیانکردووە.













گەلەری