سەردێڕ:

وەزارەتی نەوتی عێراق زانیاریی نوێی لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم ئاشکراکرد

AM:10:12:11/05/2023

11028 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتى نەوتى عێراق رایگەیاند، بە مەبەستى هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان، یەکەم گرێبەستى لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان واژۆکردووە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، باسم خزێر عەبادى بریکارى وەزارەتى نەوتى عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، وەزارەتەکەیان چوار رەشنووسیان ئامادەکردووە، بە مەبەستى ئەنجامدانى گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیاکانى بوارى نەوت، وتیشی، کۆمپانیاى بەبازاڕکردنى نەوتى عێراق 'سۆمۆ'، یەکەم گرێبەستى لەگەڵ کۆمپانیایەکدا ئەنجامداوە و بەمنزیکانە یەکەم قۆناغى هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێم دەستپێدەکاتەوە.
هاوکات، بریکارى وەزارەتى نەوتى عێراق ئاماژەى بەوەداوە، لەدواى دەستپێکى هەناردەکردنەوەکە، سێ رەشنووسى گرێبەستەکەى دیکە دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە، جەختیشیکردەوە، بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان چاوەڕێی کۆمپانیا تورکییەکان دەکەن کە ئەوانیش هەندێک کێشەی تەکنیکی و هونەرییان هەیە تاوەکو ئامادەکارییەکان و رێوشوێنەکان رابگەیەنن.

باسم خزێر عەبادى بریکارى وەزارەتى نەوتى عێراق راشیگەیاند، پڕۆسەى هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێم، لە چوارچێوەى ئەو گرێبەستانەدا دەبێت کە سۆمۆ بڕیاری لێداوە، هاوکات وەزارەتى نەوتى عێراق لەگەڵ لایەنى تورکی، بەشێکى زۆرى ئاستەنگەکانیان تێپەڕاندووە.

لە مانگى ئازارى رابردوودا، دوای ئەوەى عێراق لە دادگای پاریس داوایەکى یاسایى لە تورکیا بردەوە، تورکیا ناچارکرا هەناردەکردنی نەوتی هەرێم رابگیرێت و بەبێ ئاگاداری عێراق نەوت هەناردە نەکەن، هاوکات دادگای پاریس نزیکەی ملیارێک و ٥٠٠ ملیۆنی دۆلاری وەکو سزا بەسەر تورکیادا سەپاند کە دەبێت وەکو قەرەبوو بیداتە عێراق و هەرێم.












گەلەری