سەردێڕ:

ئەمریکا هێزى ئەمنى رەوانەى سەر سنوورەکانى خۆی لەگەڵ مەکسیک کرد

AM:08:51:11/05/2023

2484 جار خوێندراوەتەوە

ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا ژمارەی هێزە ئەمنییەکانی لەسەر سنووری خۆی لەگەڵ مەکسیک بۆ ٢٤ هەزار کەس زیادکرد.


میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، واشنتن ژمارەی هێزە ئەمنییەکانی سەر سنووری مەکسیکی بۆ ٢٤ هەزار کەس زیادکرد، ئەوەش بەهۆی زۆری ژمارەی کۆچبەران، کە بە لێشاو روو لە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا دەکەن.

لایخۆیەوە ئەلیخاندرۆ مایۆرکاس، بەرپرسى ئاسایشى ناوخۆى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا بۆ میدیاى وڵاتەکەى رایگەیاند، ژمارەیەکی زیاتری کۆچبەر دەگەنە سنووری ئەمریکا، بۆیە هەفتەی داهاتوومان سەخت دەبێت.

بەپێی هەواڵى میدیا جیهانییەکان، کۆکردنەوەی ئەو هەموو هێزە بۆ پاراستنی رێکاری تەندروستییە کە لەکاتی سەرهەڵدانی کۆڤید- ١٩وە گیراوەتەبەر و بەپێی ئەو رێکارانە، کۆچبەرانی مەکسیک مافی پەنابەریان پێنادرێت و دەگەڕێندرێنەوە بۆ مەکسیک.

میدیاکان باس لەوەشدەکەن، خاڵە سنورییەکانی براونزفیل، لاریدۆ، ئێڵ باسو، ژمارەیەکی زۆری کۆچبەران تێیدا کۆبونەتەوە و هاوڵاتی تورک و چینی و روسی تێدایە، لەلایەکی دیکەوە سەدەها کەسی دیکە دەیانەوێت خۆیان بگەیننە ئەمریکا، لە ترسی گۆڕینی یاساکان و بێبەشبوونیان لە مافی پەنابەریەتی.

ئەوە لەکاتێکدایە، ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە کۆچبەرانی ئەمریکای لاتین لەرێگای سنوورەکانی مەکسیکەوە دەیانەوێت خۆیان بگەیەننە ناو خاکى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا.

لە ساڵی ٢٠١٨دا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشوی ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا ژمارەی هێزەکانی ئاسایشی لەسەر سنوورەکە زیادکرد و هەڕەشەی داخستنی سنوورەکانی لەگەڵ مەکسیک کرد.












گەلەری