سەردێڕ:

شەوی رابردوو لە هەولێر چی روویدا؟

AM:08:27:12/09/2021

11552 جار خوێندراوەتەوە

نزیکەی کاتژمێر ١١ و ٤٥ خولەکی شەوی رابردوو، چەند دەنگێکی بەهێز لەنزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بیسترا، دوای ئەوە دەزگای دەژەتیرۆری کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا وتی، "کەمێک پێش ئێستا لە رێگەی درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر".


تایبەت بە هێرشەکانیش، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە هەولێر رایگەیاند، بەموشەک هێرشکراوەتەسەر فڕۆکەخانەی هەولێر و لەنزیک فڕۆکەخانەی هەولێر چەند دەنگێکی بەهێز بیستراوە.

لای خۆشییەوە، دوا بەدوای هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، پاریزگاری هەولێر لەپێگەی فەرمی خۆی لە فەیسبوک رایگەیاند، "هەولێر ئارامە و ئارامیش دەبێت".

دواتر و لە راگەیەندراوی دووەمیدا، دەزگای دژە تیرۆری کوردستان رایگەیاند، "لە رێگەی دوو درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر".

هەر لەسەر رووداوەکەش، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر رایگەیاند، "لەئێستادا دۆخی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ئارامە."

لەلێدوانێکیدا بۆ ئێن ئاڕ تی، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر باسی لەوەکرد، تائێستا هیچ زیانێکی گیانی نییە و ئاماری زیانە ماددیەکانیش زۆر نییە.

هاوکات بەهۆی هێرشەکەشەوە، فڕۆکەیەک بە ١٥٠ سەرشنینەوە کە لە ئیستەنبوڵەوە هاتبوو، نەیتوانی لە فڕۆکەخانەدا بنیشێتەوە و دوای زیاتر لە یەک کاتژمێر مانەوەی لە ئاسمانی هەولێردا توانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بنیشێتەوە.

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، "تەنها بۆ ماوەیەکی کەم گەشتەکانیان راگرتووە و هەموو گەشتیاران دەتوانن بێنە نیو فڕۆکەخانەکە و تەواوی گەشتەکان دەستیپێکردووەتەوە."

لەدوای هێرشە موشەکییەکانی سەر فڕۆکەخانی نێودەوڵەتی هەولێریش، کونسوڵخانەی ئەمریکا کەوتووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدەدات، هەروەها تەواوی کارمەندەکانیشی خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

هەر بە گوێرەی زانیارییەکانی پێگەی فەرمیی دژە تیرۆری کوردستان لە فەیسبوک، هێرشەکەی شەوی رابردووی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر "لە رێگەی دوو درۆنەوە ئەنجام دراوە و هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە".

هاوکات، لە زاری شایەتحاڵەکانەوە پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوەکرد، "ئەو هێرشانە لەرێگای هێرشی موشەکی بووە و دواتریش لە گوندی سێبیرانی نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر دوکەڵ بەرزبووەتەوە."

هاوکات، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئەوەشی خستووەتەڕوو، ژمارەی موشەکەکان پێنج موشەک بووە و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێری کردووەتە ئامانج.













گەلەری