سەردێڕ:

لە بارەی بودجەوە سودانی داوایەکی لە حەلبوسی کرد

PM:11:33:09/05/2023

1836 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لە سەرۆکی پەرلەمانی وڵات کرد هەرچی زووە پڕۆژەیاسای بودجە پەسندبکرێت بە مەبەستی ئەوەی حکومەت بتوانێت بەرنامەکەی بە تەواوەتی جێبەجێ بکات و ئابوریی وڵات ببوژێنێتەوە.


نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیران ئێوارەی ئەمڕۆ پێشوازی لە محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمان کرد.

ئاماژەی بەوەشداوە، لەدیدارێکدا گرنگترین پرسە گشتییەکانی لە وڵات بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەستن بەداواکاری هاوڵاتییانەوە تاوتوێکران، کە بەرنامەی حکومەت بەشێوەیەکی بنەڕەتی جەختی لەسەر کردوەتەوە.

راگەیەنراوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، سودانی بە گرنگی زانیوە هەرچی زووە پڕۆژەیاسای بودجە پەسندبکرێت بۆ ئەوەی حکومەت بتوانێت بەرنامەکەی بە تەواوی جێبەجێ بکات و ئابوریی وڵات ببوژێنێتەوە.

راگەیەنراوەکە باسی لەوەشکردووە، محەمەد شیاع سودانی جەختی لەگرنگی تەواوکاری لەنێوان حکومەت و پەرلەمان کردەوەتەوە، لەپێناو پشتگیریکردنی حکومەت و بەرنامەکانی جێبەجێکار و خزمەتگوزاری.

دەشڵێت، سودانی پێداگری کردووە لە پەلەکردن لەپەسەندکردنی بودجە، بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت بەتەواوی و بەرەوپێشبردنی ئابوری نیشتیمانی و گەشەسەندنێکی بەردەوام لە وڵات.

لە رێکەوتی ٧ی ٥ی ٢٠٢٣ باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق بە ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراقی راگەیاند، بڕی ٤٧ ترلیۆن دینار لە بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٣ بۆ کەرتی وەبەرهێنان تەرخانکراوە.

وتیشی، ئەمەش بەمەبەستی زیادکردنی داهات و رەخساندنی هەلی کاری زیاترە.

ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی ١٣ی ئازار سەرۆکوەزیرانی عێراق پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵەکانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ی پەسەندکرد و رەوانەی پەرلەمانی عێراقی کرد.

بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ی عێراق گەورەترین بودجەی عێراقە و بڕەکەی ١٩٨ ترلیۆن و ٦٨٣ ملیار و ٧١٩ ملیۆن و ٤٧٢ هەزار دینارە و تیایدا نرخی بەرمیلێک نەوت بە ٧٠ دۆلار خەمڵێندراوە و نرخی ١٠٠ دۆلاریش بە نرخی فەرمی بانکی ناوەندی کە ١٣٠٠ دینارە جێگیرکراوە، لەو بڕەش ٦٤ ترلیۆن دیناری بە کورتهێنان دانراوە.

هاوکات پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراقدا بە رێژەی لە ١٢.٦٧٪ جێگیرکراوە و لە کاتی تێپەڕاندنی بودجەدا هەرێمی کوردستان مانگانە زیاتر لە ترلیۆنێک دیناری بۆ دەنێردرێت و رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵدا بە شێوازێکە، هەرێمی کوردستان داهاتی نەوت لە بانکێکدا دابنێت کە لەژێر چاودێری حکومەتی فیدڕاڵیدا بێت و دەسەڵاتی بەکارهێنانیش لەژێر دەستی سەرۆکوەزیرانی هەرێمدا دەبێت.













گەلەری