سەردێڕ:

چین هەڵوێستی خۆی بەرامبەر ژێردەریاییەکانی ئەمریکا لە کەنداو ئاشکراکرد

PM:11:57:08/05/2023

3220 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی چین رایگەیاند، وڵاتەکەی رەزامەند نییە لەبارەی بڵاوکردنەوەی ژێردەریایی ئەمریکییەکان لە کەنداو کە هەڵگری موشەکی تۆماهۆکن بە ئامانجی رووبەڕووبوونەوەی ئێران.


چین گانگ وەزیری دەرەوەی چین ئاماژەی بەوەدا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست موڵکی گەلانی ناوچەکەیە و حەوشەی دواوەی هیچ لایەنێک نییە بە ویستی خۆی جموجوڵی تێدا بکات.

ئاماژەی بەوەشدا، وڵاتەکەی رەزامەند نییە لەبارەی بڵاوکردنەوەی ژێردەریایی ئەمریکییەکان لە کەنداو کە هەڵگری موشەکی تۆماهۆکن بە ئامانجی رووبەڕووبوونەوەی ئێران، ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە ئەمریکا رۆڵی ئەرێنی لە ناوچەکەدا بگێڕێت لە چوارچێوەی پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە نەک بە پێچەوانەوە مامەڵە بکات.

وەزیری دەرەوەی چین وتیشی، وڵاتانی ناوچەی خۆرهەڵات پێویستییان بە رێککەوتن و سازان هەیە نەک ئاڵۆزترکردنی دۆخەکە، هەربۆیە لە دۆخێکی لەم جۆرەدا تەنها گفتوگۆکردن و رێککەوتن شایستەی پێشوازی لێکردنە نەک مامەڵەی دوژمنکارانە.

ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی هەینی رێکەوتی ١٠ی ٣ی ٢٠٢٣ عەلی شەمخانی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران و موسەید بن محەمەد ئەلعەیبان وەزیری دەرەوەی سعودیە و فانگ یی ئەندامی مەکتەبی سیاسی کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی چین لە پەکینەوە راگەیاندراوێکی هاوبەشیان لەبارەی رێککەوتنی سعودیە و ئێران بڵاوکردەوە.

بەپێی راگەیندراوەکە، ئەو دەستپێشخەرییە لەسەر داوای شی جین پینگ سەرۆکی چین بووە و پاڵپشتی لێکنزیکبوونەوەی ئەو دوو وڵاتە و خواستی هەردوو وڵاتی لەسەر چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییەکان کردووە.

لە لایەکی دیکەوە سعودیە و ئێران سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاڕاستەی عێراق کرد کە رۆڵی نێوەندگیری بینیوە لە ساڵی ٢٠٢١ و ٢٠٢٢دا و چەند کۆبوونەوەیەکی سعودیە و ئێران لەو وڵاتە بەڕێوە چووە.

ئەمەش دوای ئەوەدێت، سعودیه‌ ٢ی كانوونی دووه‌می ٢٠١٦ به ‌تۆمه‌تی تیرۆر ٤٧ كه‌سی له‌سێداره‌دا كه‌ زانای ئایینی شیعه ‌مه‌زهه‌بیان لە نێودا بوو و دوای ئه‌وه‌ش به‌رپرسانی ئێران به‌ دوای یه‌كدا كاردانه‌وه‌یان به‌رامبه‌ر سعودیه‌ ده‌ربڕی، دواتر ئاگر به‌ردرایه‌ باڵیۆزخانه‌ی سعودیه‌ له‌ تاران و كۆنسوڵخانه‌ی سعودیه‌ له‌ مه‌شهه‌د.

ئەو دوو وڵاتە لە ماوەی رابردووشدا چەندان جار لە عێراق کۆبوونەوە بە مەبەستی رێککەوتن و ئاماژەیان بەوەدا نزیک بوونەتەوە لە رێککەوتن.













گەلەری