سەردێڕ:

بێئاویی هەڕەشە لە عێراق و سوریا دەکات

PM:10:02:11/09/2021

3228 جار خوێندراوەتەوە

رێکخراوە جیهانییە مرۆییەکان هۆشداری دەدەن لەوەی کە "بێئاویی" و "وشکبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاو" هەڕەشەی جددی بۆسەر ژیانی ملیۆنان هاوڵاتی عێراق و سوریا دروستکردووە و تەنانەت مەترسیشی بۆسەر کەمکردنەوەی بڕی خۆراک لەو دوو وڵاتەدا دەهێنێتە کایەوە.


لەکاتی وەرزی زستانیشدا، رێژەی بارانبارین بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی و ئەمەش بووە هۆی کەمبوونەوەی ئاوی هەردوو رووباری دیجلە و فورات بەشێوەیەکی بنەڕەتی.

ئەمەش بووەی هۆی ئەوەی بڕێکی زۆری ووزەی کارەبا و رێژەی پێدانی کارەبا و هەروەها بڕی پێویستی ئاوی خواردنەوە بەشێوەیەکی بەرچاو داببەزێت، بەگوێرەی خەمڵاندنەکانی رێکخراوە مرۆییەکان ئەم کەمبوونەوەیەش مەترسیی و کاریگەری لەسەر ژیانی ١٢ ملیۆن کەس درووست دەکات.

لە عێراق، شارەزایان لەو بڕوایەدان کە وەرزی زستانی ئەمساڵ، دووەم وەرزی وشکەساڵی و بێئاویی عێراق بێت لەماوەی ٤٠ ساڵی رابردوودا.

لەسوریاش، پرسی بێئاویی و وشکەساڵی بۆ ٧٠ ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە و لەمساڵیشدا بێئاویی و وشکەساڵی بەرێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە، زۆر زیاتر لەو بێئاویی و وشکەساڵییەی کە لەماوەی ساڵانی ٢٠٠٦ بۆ ٢٠٠٧دا روویدا.

بەرپرسیارێتی تورکیا لە کێشەی بێئاویی عێراق و سوریا

لەبەرامبەر مەتسرییەکانی بێئاویی و وشکەساڵی عیراق و سوریادا، بەرپرسانی تورکیا جەختدەکەنەوە لەوەی کە پابەندن بە "تەواوی" ئەو رێککەوتنانەی تایبەت بە سنوورەکانی ئاوی نێودەوڵەتی واژۆکراون.

بەگوێرەی رێککەوتنەکانیش، نابێت رووبەری هەر بەنداوێک لە ٥٠٠ مەتری چوارگۆشە زیاتر بێت، بەڵام لەماوەی دوو دەیەی رابردوودا رووبەری ئەو بەنداوانەی کە درووستییان کردووە زیاتر بووە لە ٥٠٠ مەتری چوارگۆشە.

یەکێک لەو گەورە بەنداوانەی لەسەر رووباری دیجلە درووستکراون، بەنداوی "ئەلیسۆ"یە، کە بووەتە جێی مشتومڕی لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەهۆی ئەوەی ئەو بەنداوە بووە هۆی ئەوەی ئاستی رووباری دیجلە بەشێوەیەکی بەرچاو لە ئاستی ئاوەکەی لەساڵی ٢٠١٩دا کەم ببێتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی رێژەی پیسبوونی ئاو بەشێوەیەکی بەرچاو لە دەریاچەی شەت و عەرەب لە پارێزگای بەرزببێتەوە، کە ئەمەش بووەتەهۆی سەرهەڵدانی ژمارەیەک نەخۆشی جۆراوجۆر.

هەوڵە عێراقییەکان لەبەرامبەر تورکیادا

بەمەبەستی رێگریکردنی کەمبوونەوەی زیاتری ئاوی رووباری دیجلە و فورات، هەروەها دۆزینەوەی چارەسەرێکی بنەڕەتیش بۆ چارەسەرکردنی گرفتی کەمبوونەوەی ئاویش بەشێوەیەکی بنەڕەتی، چەند وەفدێکی حکومەتی عێراقی سەردانی ئەنقەرەیان کرد و تیایدا کەمکردنەوەی رێژەی بەنداوەکان و رێژەی گرتنەوەی ئاوەکانیش پرسی سەرەکی گفتووگۆکان بوو.

لەبەرامبەر ئەم هەوڵانەشدا، ژمارەیەک لە بەرپرسان و دەسەڵاتدارانی هێزە کوردییەکان لە عیراق و سوریا ئەنقەرە بەهۆکاری کەمبوونەوەی ئاوی ئەو دوو وڵاتە تۆمەتبار دەکەن و دەشڵێن تورکیا، پرسی ئاوو گرتنەوەی وەک "چەکێک لە چوارچێوەی ملاملانێ سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست"دا بەکاردەهێنێت.

لەوبارەیەشەوە، دورسون یەڵدز سەرۆکی کۆمەڵەی سیاسەتە ئاوییەکان کە بارەگای سەرەکی لە ئەنقەرەی تورکیایە، دەڵێت، "تورکیا پرسی ئاو وەک چەکێک بەکارناهێنێت"، ئەو ژمارە بەنداوە گەورانەشی کە لە وڵاتەکەدان تایبەتن بەبەرهەمهێنانی وزەی کارۆئاویی، هەرچەندە دەبێتە هۆی گلدانەوەی بڕێکی زۆری ئاو.

 

نەورەس غەریب













گەلەری