سەردێڕ:

هێزەکانی ڤاگنەر لە باخموت ئەرکەکانیان رادەستی قادیرۆڤ کرد

AM:11:45:07/05/2023

4500 جار خوێندراوەتەوە

دامەزرێنەری هێزەکانی ڤاگنەری روسی رایگەیاند، ئەرکەکانیان لە شاری باخموتی ئۆکرانیا کۆتاییهاتووە و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان بۆ هێزەکانی چیچان بەجێدەهێڵن.


ئەمڕۆ یەکشەممە، یفگینی بریگۆجین دامەزرێنەری هێزە شەڕکەرە سەربازییە تایبەتییەکانی روسیا کە بە ڤاگنەر ناسراوە لە راگەیاندراوێکدا وتی، ئەرکەکانیان لە شاری باخموتی سەر بە هەرێمی دۆنێتسک بەتەواوی کۆتایی هاتووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هێرشەکانی ئەوان بە ئامانجی دەستبەسەرداگرتنی باخموت نەبووە، بەڵکو بەمەبەستی کۆتاییهێنان بووە بە یەکە چەکدارییەکانی ئۆکرانیا لە ناوچەکەدا لەگەڵ رەخساندنی کەشێک بۆ ئەوەی سوپای روسیا پشوویەک بدات و توانا جەنگییەکانی باشتر بکات و توانیویانە ئەو ئەرکە تەواوبکەن.

باسی لەوەشکرد، دەیانەوێت ناوچەکانی ژێردەسەلاتی خۆیان لە شاری ئارتیوموفسک لە ١٠ی ئەم مانگە لەسەر داوای رەمەزان قادیرۆڤ سەرۆکی چیچان رادەستی هێزەکانی ئەحمەدی چیچان بکەن.

لایخۆشییەوە، قادیرۆڤ رایگەیاند، توانیویانە گەشە بە لایەنی ستراتیجی کارکردنیان لەگەڵ وەزارەتی بەرگری روسیا لە رووی سەربازییەوە بدەن و جەختی لەوەشکردووەتەوە سەرەرای ئەوەی هێزەکانی ئۆکرانیا ئاماژە بە هێرشی تووند و پێچەوانە دەکەن، بەڵام ئەوان لە داهاتوویەکی نزیکدا کۆنترۆڵی شارەکەدەکەن. دەشڵێت، "بڕوامان پێ بکەن تاکتیکەکانمان دەرئەنجامی ئەرێنییان دەبێت".

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە ٢٤ـی شوباتی ساڵی ٢٠٢٢ سوپای روسیا هێرشیکردە سەر ئۆکرانیا و تاوەکو ئێستاش جەنگ بەردەوامە و لە سەرەتای جەنگەکەشەوە رەمەزان قادیرۆڤی سەرۆکی چیچان پاڵپشتی خۆی بۆ هێرشەکانی روسیا راگەیاند.













گەلەری