سەردێڕ:

خەڵاتی نۆبڵی گەمژەکان دابەشکرا

PM:07:38:11/09/2021

9264 جار خوێندراوەتەوە

گواستنەوەی کەرکەدەن لە رێگەی فڕۆکەوە و هەڵواسینی بەشێوەی سەرەوخوار و دۆزینەوەی ئەو بەکترییایەی لەسەر بنێشتی فڕێدراو دەژی، لەو توێژینەوانەوەبوون "خەڵاتی نۆبڵی گەمژەکانی" ئەمساڵیان بۆ خۆیان مسۆگەرکرد.


ماڵپەڕی سی ئێن ئێنی ئەمریکی بڵاویکردەوە، ئەمساڵ ئەهانەگی پێدانی "خەڵاتی نۆبڵ بۆ گەمژەکان" بەڕێوەچوو، کە وەک نەریتی ساڵانەی خۆی لە مانگی ئەیلول بەڕێوەدەچێت و خەڵاتەکەش دەدرێتە ئەو توێژینەوە زانستییە نامۆیانەی وا لە مرۆڤ دەکەن پێیان پێبکەنن و دواتر بیر لە ئەنجامەکەی بکەنەوە و بۆیان دەربکەوێت ئەنجامی توێژینەوەکە زانستی بووە و یەکێکە لەو بابەتە زانستییانەی تازە دۆزراوەتەوە و ئاشکراکراوە.

لە پێشبڕکێکەدا زانایان لەسەرتاسەری جیهانەوە و لە بوارە جیاوازەکانی وەک پزیشکی و دەرونناسی و فیزیا و ئابوری و ئاشتی و زیندەزانی و کیمیا و ئەندازیاری و پەیوەندییەکان و تەندروستی گشتی بەشداری تێدا دەکەن.

پێشبڕکێکە لە رێگەی ئینتەرنێتەوە بەڕێوەدەچێت و ئەو بەشداربووەی خەڵاتەکەی بەدەستهێناوە، دەبێت لەماوەی یەک خولەکدا بیرۆکەی توێژینەوەکەیی و ئەنجامە زانستییەکەی بۆ ئامادەبووان روونبکاتەوە.

بۆ ئەمساڵ لە نێو ئەو زانایانەی خەڵاتەکەیان بەدەستهێناوە تیمێکی توێژینەوە کە پێکهاتووە لە زاناکانی نامیبیا و باشوری ئەفریقیا و تەنزانیا و زیمبابۆیی و بەرازیل و بەریتانیا و ئەمریکا، لە توێژینەوەکەیاندا هەوڵیانداوە ئاشکرای بکەن کە دەکرێت کەرکەدەن لە رێگەی فڕۆکەوە و بە شێوازی هەڵواسینی سەرەوخوار لە بەشی کۆتایی فڕۆکەکەدا بگوازنەوە.

تیمەکە بەسەر پەرشتیاری رۆبن رادکلیف، پلەی وانەبێژی یەکەم لە پزیشکی ژیانی ئاژەڵانی کێوی و پاراستنیان لە زانکۆی کۆرنیڵ بووە، کە لە ئەنجامدانی توێژینەوەکەیاندا کەرکەدەنێک لەڕێگەی تیرێکەوە کە بەنجی هەڵگرتووە بێ هۆشدەکەن و دواتر دەست و قاچی توند دەبەستن و بە سەرەوخواری لەبەشی دواوەی فڕۆکەکە هەڵیدەواسن، دواتر پێوانەی هەناسەدان و هەواگۆڕکێیان بۆ ئەنجامداوە.

پێشتر بۆ گواستنەوەی کەرکەدەنەکان، بێ هۆشیان دەکردن و دەست و قاچیان دەبەستن و لەسەر لا دایاندەنان و بە رێگەی وشکانی دەیانگواستنەوە، بەڵام توێژینەوەکە سەلماندوویەتی رێگەی دووەم باشتر و دروستترە. چونکە زۆرتر کەرکەدەن دەگوازرێتەوە و ئامانجی پاراستنی ئاژەڵەکەیە لە لەناوچوون.

پێشتر لە لێدوانێکیدا، رۆبن رادکلیف سەرپەرشتیاری تیمی توێژنیەوەکە ئاشکرایکرد، تیمەکەی گریمانەی ئەوەیان کردبوو گواستنەوەی کەرکەدەن لە رێگەی ئاسمانییەوە و هەڵواسینی بە سەرەوخواری خراپترین شێوازی گواستنەوە بێت، بەڵام دواتر دەرکەوتووە کە رێگەی دروستەکە ئەمە و باشتر جیناتەکانی دەپارێزێت.

یەکێکی دیکە لەو توێژنەوە بێ بەهایانەی خەڵاتی نۆبڵی گەمژەکانی بەدەستهێناوە، دۆزینەوەی جۆرە بەکتریایەکە کە لەسەر ئەو بنێشتە دەژی فڕی دەدرێتە سەر زەوی.

ساڵی رابردوو خەڵاتەکە درایە تیمێک کە لە زانایانی نەمسایی و سویدی و ژاپۆنی و ئەمریکی و سویسرا پێکهاتبوون و توێژینەوەکەیان لەبارەی تیمساحەوەبووە کە خرابووە ناو ژوورێکی داخراوی پتەوی پڕ هەوای هیلیۆم و ناچارکردنی تیمساحەکە بە دەرکردنی دەنگێک تا جیاوای نێوان ئەم دەنگە و دەنگی ئاسایی خۆی بدۆزنەوە.

هەروەها، توێژینەوەیەکی دیکە کە خەڵاتی نۆبڵی گەمژەکانی بردەوە، توێژینەوەیەکی دەرونناسی بوو لەبارەی ناسینەوەی کەسە خۆپەرستەکان لە رێگەی برۆکانیانەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، خەڵاتی نۆبڵی گەمژەکان Ig Nobel Prize، بۆیەکەمجار لە ساڵی ١٩٩١ لەلایەن گۆڤاری تۆماری توێژینەوە بێ ئەنجامەکان " Annals of Improbable Research"ی ئەمریکیەوە داهێنرا و لەسەر ئاستی جیهانیش لەلایەن زانایانەوە پێشوازییەکی گەرمی لێکرا.













گەلەری