سەردێڕ:

سوید بە بڕی زیاتر لە ملیۆنێک دۆلار هاوکاری عێراق دەکات

PM:07:48:05/05/2023

2736 جار خوێندراوەتەوە

لە پێناو نۆژەنکردنەوەی ئەو باڵەخانە و ژێرخانانانەی لە سەردەمی جەنگی داعش رووخاون، حکومەتی سوید بڕی ١.٩ ملیۆن دۆلاری ناردووەتە پڕۆگرامی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەشەپێدان لە عێراق.


ئەمڕۆ هەینی پرۆگرامی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، حکومەتی سوید بە بڕی ١.٩ ملیۆن دۆلار دەداتە بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەقامگیرکردنەوەی ناوچە ئازادکراوەکانی عێراق.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە سەرەتای دامەزراندنی پرۆگرامەکە لە ساڵی ٢٠١٥ تا ئێستا حکومەتی سوید بە بڕی ٤٢ ملیۆن دۆلار پشتیوانی لە هەوڵەکانی بەدەستخستنی سەقامگیری لە عێراق کردووە و لە رێگەی ئەو بڕە پارەیەوە باڵەخانە   رووخاوەکانی سەردەمی جەنگی داعش نۆژەندەکرێنەوە و ژێرخانی ئەو شارانەشی زیانیان بەرکەوتووە دووبارە بنیاددەنرێنەوە. 

لە راگەیەندراوەکە ئەوەش هاتووە، جێسیکا دەسترۆم بالیۆزی سوید لە عێراق ئەوەی خستووەتەڕوو، سوید پەیوەندی هاوبەش و متمانەپێکراوی لەگەڵ عێراق هەیە و ٣٪ی هاوڵاتیانی دانیشتووانی سوید عێراقین و بەردەوام پشتیوانی لە عێراقێکی سەقامگیر دەکەن لە رێگەی هەماهەنگی گەشەپێدانی هاوبەش.

لە ساڵی رابردووش حکومەتی سوید بڕی ١٠.٢ ملیار دۆلاری بەخشییە عێراق بۆ پشتیوانیکردن لە حکومەتی ناوەندی لە بەرەنگاربوونەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و پەرەپێدانی کشتوکاڵ.













گەلەری