سەردێڕ:

سەرچاوەکانى ئاوى عێراق قسەکردن لەسەر یەدەگى ئاوی قەدەغە کرد

PM:01:13:05/05/2023

3040 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتى سەرچاوەکانى ئاوى عێراق فەرمانى بە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتى و فەرمانگەکانى سەر بە وەزارەتەکەى کردووە خۆیان بپارێزن لە بڵاوکردنەوەى زانیارى لەسەر یەدەگى ئاوى عێراق.


بەپێى رێنماییەک کە وەزارەتەکە بۆ بەرێوەبەرایەتى و فەرمانگەکانى سەر بە وەزارەتى سەرچاوەکانى ئاوى ناردووە، فەرمانى پێکردوون بە هیچ شێوەیەک قسە لەسەر یەدەگى ئاوى عێراق نەکەن.

هەرچەندە هۆکارى قەدەغەکردنى قسەکردن لەسەر یەدەگى ئاوى عێراق روننەکراوەتەوە، بەڵام دەوترێت بۆ ئەوەیە کە ئەو بابەتە بە نهێنى بمێنێتەوە و وەک بەشێک لە ئاسایشى نیشتیمانى ئاشکرانەکرێت.

بەپێى چەند زانیارییەکى نافەرمى بەهۆى دواین شەپۆلى بارانبارینەوە دوو ملیار مەترى سێجا یەدەگى ئاوى عێراق زیادى کردووە.

هەربەگوێرەی زانیارییە نافەرمییەکان، عێراق خاوەنى نزیکەى ١٠ ملیار مەترى سێجا ئاوە، لەکاتێکدا لە بنەڕەتدا پێویستى بە ٤٠ ملیار مەترى سێجایە بۆ ئەوەى بە تەواوەتى بەنداوەکانى پڕبکات.













گەلەری