سەردێڕ:

ناتۆ: رەنگە مۆسکۆ کێبڵەکانی ژێر دەریا تێکبدات

PM:08:32:04/05/2023

3768 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی هەواڵگری هاوپەیمانێتی ناتۆ هۆشداریدا لەوە روسیا رەنگە کێبڵەکانی ژێر دەریا تێکبدات بۆ سزادانی وڵاتانی رۆژئاوا لەسەر پشتیوانییەکانیان بۆ ئۆکرانیا.


دەیڤد کاتڵەر یاریدەدەری سکرتێری گشتی ناتۆ بۆ هەواڵگری و ئاسایشی هاوپەیمانێتییەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا ئاماژەی بەوەدا، نیگەرانییەکی زۆر هەن لەسەر ئەوەی رەنگە روسیا کێبڵەکانی ژێر دەریا و ژێرخانە هەستیارەکانی دیکە بکاتە ئامانج بۆ تێکدانی ژیانی رۆژئاوا.

وتیشی، ئامانجێکی دیکە لە تێکدانی کێبڵەکان و ژێرخانە هەستیارەکان بۆ دەستکەوتنی کاریگەریی لە دژی ئەو وڵاتانەی کە ئاسایش بۆ ئۆکرانیا دابین دەکەن.

ئەوەشی خستەڕوو، "روسەکان لەم بابەتەدا چالاکترن لەوەی کە لە ساڵانی رابردوودا بینیومانن."

باسی لەوەشکرد، ناتۆ ئەرکە ئێشکگرییەکانی لە سەرانسەری دەریای ئەتڵەسیدا لە ساڵانی رابردوو زیاتر کردووە و چالاکییەکانیان لە دەریاکانی باکوور و باڵتیکدا چڕتر کردووەتەوە.

دەیڤد کاتڵەر ئاماژەی بەوەشدا، هەموویان پێکەوە، رۆژانە نزیکەی ١٠ تریلیۆن دۆلاری ئەمەریکی بەهای حەواڵە ئابوورییەکان هەڵدەگرن، لەبەر ئەوە ئەم کێبڵانە بزماری گەورەی ئابورین.

هاوکات، هۆشداریدا لەسەر ئەوەی نەیارانی ناتۆ درکییان بەو سوودە ستراتیژییە گەورەیە کردووە کە بتوانن هەڕەشە لەسەر ئاسایشی سیستمەکانی ئینتەرنێت و وزە و دارایی رۆژئاوا دروست بکەن.

وتیشی، هاوپەیمانانی ناتۆ لە نزیکەوە چاودێری کەشتییە روسییەکان دەکەن، هەستەوەرییان پێیە کە دەتوانێت زانیاری ئەلیکترۆنی یاخود دەنگی لە ژێر دەریاوە کۆبکاتەوە.

هەروەها، هانس وێرنەر ویرمان یەکێک لە جەنەڕاڵەکانی ئەڵمانیا لە سوپای ناوتۆدا کە لە مانگی شوباتەوە سەرکردایەتی شانە نوێیەکە دەکات، وتی "هەڕەشەکە راستەقینەیە، ناتۆش کارەکانی زیاتر کردووە."

ئەمە لەکاتێکدایە، لەمانگی ٩ی ٢٠٢٢ەوە مەترسییەکانی سەر کێبڵەکانی ژێر دەریا و بۆرییەکان بوونەتە جێی سەرنجی گشتی، دوای ئەوەی تەقینەوەیەکی نادیار هێڵەکانی بۆری نۆرد ستریم ١ و نۆرد ستریم ٢ی لە کارخست، کە بۆ مەبەستی گواستنەوەی گاز لە رێی دەریای باڵتیکەوە لە روسیاوە بۆ ئەڵمانیا دروست کراون.

بەگوێرەی ناتۆ، کێبڵەکانی دیکەی ژێر دەریا نزیکەی ٩٥٪ی ئینتەرنێتی سەرانسەری جیهان دەگوازنەوە، ئەوەش بە خێرایی نزیکەی ٢٠٠ تێرابایت لە چرکەیەکدا، ٢٠٠ کێبڵ لەم ٤٠٠ کێبڵە بە هەستیار ناوبراون.













گەلەری