سەردێڕ:

بازرگانی عێراق: تا ئێستا نزیکەی ١٨٠ هەزار تەن گەنم لە جوتیاران وەرگیراوە

PM:09:41:02/05/2023

1560 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، تا ئێستا نزیکەی ١٨٠ هەزار تەن گەنم لە نۆ پارێزگای باشور لە جوتیاران وەرگیراوە.


حەیدەر نوری بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای گشتی بازرگانی کردن بەئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراقی راگەیاند، تا دوێنێ ئێوارە بڕی ١٧٩ هەزار تەن گەنم لە نۆ پارێزگای باشوری وڵات لە جوتیاران وەرگیراوە.

ئاماژەی بەوەشدا، پرۆسەی پێدانی شایستە داراییەکانی جوتیاران بە شێوەیەکی ئاسان و ئاسایی بەڕێوەدەچێت و بەردەوامە و چەکەکانیان دابینکراوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە رۆژی ٣٠ی ٤ی ٢٠٢٣ عەباس جەبر وەزیری کشتوکاڵی عێراق بە میدیا ناوخۆییەکانی رایگەیاند، لەمساڵدا بڕی ٨٥٠ هەزار دینار بەرامبەر هەر تۆنێک گەنم دەدرێتە جوتیاران و ئەو بڕە پارەیش زۆرترینە بەراورد بە کەرتی کشتوکاڵی وڵاتانی دەوروبەر.

رۆژی ٢٩ی ٤ی ٢٠٢٣ وەزارەتی بازرگانی هەرێم لە راگەیانراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، لە ئێستادا ئامادەکاری دەکرێت بۆ کردنەوەی دوو بنکەی تر بۆ وەرگرتنی گەنمی جوتیاران.

وتیشی، "بڕیارە بۆ ئەمساڵ هەر تەنێک گەنم بە ٨٥٠ هەزار دینار لە جوتیاران وەربگیرێت".

لە رێکەوتی ٢٤ی ٤ی ٢٠٢٣ زێدا محەمەد بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاند، ئەمساڵ بەھۆی بارانی زۆرەوە بەرھەم بەرەو ھەڵکشانە و زۆر زیاتر دەبێت لە ساڵی رابردوو، عێراقیش پێشبینییکردووە بەرھەمی ئەمساڵ بگاتە سێ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار تەن گەنم.

پێشتریش نەوزاد کامیل بەڕێوەبەری گشتی بارزگانی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بۆ ئەمساڵ بەرامبەر هەر تۆنێک گەنم جوتیاران ٨٥٠ هەزار دینار وەردەگرن و لە دوای رادەستکردنی گەنم، جوتیاران لە ماوەیەکی کەمدا بەبێ دواکەوتن شایستە داراییەکانیان وەردەگرن.

هەروەها، رۆژی ٢٠ی ٤ی ٢٠٢٣ وەزارەتی بازرگانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی رایگەیاند، پرۆسەی دابەشکردنی شایستە دارایی جوتیاران لە دوای سێ رۆژ لە وەرگرتنی گەمن دەستپێدەکات و حکومەتی عێراقی پێویستی بە سێ ترلیۆن و ٥٠٠ ملیار دینار دەبێت بۆ دابینکردنی شایستەی دارایی جوتیاران بۆ تەواوی ساڵی ٢٠٢٣.













گەلەری