سەردێڕ:

پلاسخارت: لەبارەی عێراقەوە پەیامێک دەگەیەنمە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی

PM:06:30:02/05/2023

9332 جار خوێندراوەتەوە

نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق رایگەیاند، لەبارەی تایبەتمەندێتی عێراق و کاریگەربوونی بە گۆڕانکاری کەشوهەوا و مەترسییەکانی بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی و خۆراک راپۆرتێک بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان بەرزدەکاتەوە.


وەزارەتی ژینگەی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، نزار ئامێدی وەزیری ژینگە پێشوازی کرد لە جنین پلاسخارت نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان و غولام ئیسحاق نێردەی تایبەت و رێکخەری نیشتەجێ لە عێراق و کلاودیو کۆردۆن نێردەی تابیەت بە کاروباری مرۆیی و یاریدەدەری هەڵبژاردنەکان.

ئاماژەی بەوەشداوە، نزار ئامێدی پێداگریکردووە لەسەر بەهێزکردنی هاریکاری و هەماهەنگیکردنی وەزارەتی ژینگە لەگەڵ نێردە و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و لە کۆنگرەی cop 28 لە دوبەی بۆ گۆڕانی کەشوهەوا و کاریگەرییەکانی بە شاندێکی باڵا و هونەری و لەسەر ئاستی وەزارەتەکان و کەرتی تایبەت و گشتی و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ناوخۆییەکان بەشداری دەکات.

لەلایەن خۆیەوە، جنین پلاسخارت نێردەی تایبەتی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز سکرتێری گشتی رێکخراوی نەتەوەیکگرتووەکان ئاماژەی بەوەدا، لە راپۆرتێکیدا ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەڵەتی و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە بارەی تایبەتمەندێتی عێراق و کاریگەربوونی بە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و وشکەساڵی و مەترسییەکانی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی و خۆراک ئاگادار دەکاتەوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، مەترسییەکانی بە بیابان بوون و کۆچکردنی هاوڵاتییان لە ناوچەکانیانەوە بەهۆی وشکەساڵی و کەمبوونەوەی چالاکی کشتوکاڵی و بەرزبوونەوەی ئاستی بێکاری بەشێکی دیکە دەبێت لە راپۆرتەکەی پلاسخارت.

دەشڵێت، لە راپۆرتەکەیدا داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێکخراوەکان دەکات پشتیوانی عێراق بکەن بۆ تێپەڕاندنی ئەو قۆناغە و هەوڵدان بۆ دامەزراندنی پڕۆژە و دروستکردنی ژێرخانی ئابوری.













گەلەری