سەردێڕ:

زانیاری نوێ لەبارەی لە سێدارەدانی یاریدەدەری پێشووی وەزیری بەرگری ئێران ئاشکرا کرا

PM:06:09:02/05/2023

5600 جار خوێندراوەتەوە

عەلی رەزا ئەکبەری یاریدەدەری پێشووی وەزیری بەرگریی ئێران، بە تۆمەتی سیخوڕیکردن و دزەپێکردنی زانیاری ورد لەبارەی بەرنامە ئەتۆمی و نهێنییە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٤ – ٢٠١٩ لە سێدارە درا.


رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی بڵاویکردەوە، عەلی رەزا ئەکبەری یاریدەدەری پێشووی وەزیری بەرگریی ئێران، بە تاوانی سیخوڕیکردن بۆ بەریتانیا لەسێدارەدرا، کە ناوەندی پیتاندنی یۆرانیۆمی فۆردۆ و نهێنییە سەربازیی و ناوەکییەکانی ١٥ ساڵی حکومەتی تارانی ئاشکرا کردووە و سەرجەم زانیارییەکانی رادەستی بەریتانیا کردووە.

رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە هەواڵەکەیدا پشتی بە بەرپرسە هەواڵگرییەکانی ئێستا و پێشووی ئێران، ئیسرائیل، ئەڵمانیا، بەریتانیا و ئەمریکا، بەستووە و ئاماژەی بەوەکردووە، عەلی رەزا ئەکبەری بە تاوانی سیخوڕی لە ئێران لەسێدارەدراوە و بۆ ماوەی ١٥ ساڵ بەدیاریکراوی لە ساڵانی ٢٠٠٤-٢٠١٩دا زانیارییە ستراتیجییەکانی ئێران کە نهێنییە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتەش لەخۆدەگرێت، گەیاندووەتە بەریتانیا.

لە هەواڵەکەی نیویۆڕک تایمز ئەوەشخراوەتەڕوو، لە نیسانی ٢٠٠٨دا بەرپرسێکی باڵای هەواڵگری بەریتانیا سەردانی ئیسرائیلی کردووە و لە چوارچێوەی گفتوگۆی لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل دەربارەی نهێنییە ئەتۆمییەکانی ئێران، پێڕاگەیاندوون، لە ئێران سیخوڕێکیان هەیە، هەروەها ئەو زانیارییانەی پێداون کە لەڕێی ئەکبەرییەوە بەدەستیهێناون.

چاوگە ئەمنییە رۆژئاواییەکان بە رۆژنامەکەیان راگەیاندووە، ناوەندی پیتاندنی یۆرانیۆمی فۆردۆ و "چالاکییەکانی ئێران بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی لەو وێستگەیە" لەنێو ئەو زانیارییانەدابوون کە ئەکبەری دزەیپێکردوون.

رۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئەوەشی ئاشکرا کردووە، ئەکبەری بەدرێژایی ئەو ساڵانەی کاری سیخوڕی بۆ بەریتانیا کردووە، ناسنامە و چالاکی زیاتر لە ١٠٠ بەرپرسی ئێرانی ئاشکرا کردووە کە لەنێویاندا زانای ئەتۆمی ئێران، موحسین فەخریزادە هەبووە کە لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٠دا و لەلایەن ئیسرائیلەوە لە تاران کوژرا.

ئەمە لەکاتێکدایە، بەریتانیا لە ساڵی ٢٠٠٨دا ئەم زانیارییانەی بە ئیسرائیل دا، ماوەیەکی کەم دواتر زانیارییەکان گەیشتنە دەزگا هەواڵگرییەکانی رۆژئاوا. لە ئەیلوولی ٢٠٠٩دا و لە لووتکەیG7دا باراک ئۆباما سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا لەگەڵ سەرۆکەکانی بەریتانیا و فەڕەنسا، ئەوەیان خستەڕوو کە ئێران لە شاری فۆردۆ ناوەندێکی پیتاندنی یۆرانیۆمی هەیە، دوای ئەمەش هەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر بە ئێران گۆڕانی بەسەرداهات.

وەزارەتی هەواڵگری ئێران لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەمدا راگەیاند، ئاشکرایان کردووە عەلی رەزا ئەکبەری یاریدەدەری پێشووی وەزیری بەرگریی ئێران، کاری سیخوڕی بۆ بەریتانیا دەکات.

دواتر لە ١١ی کانوونی دووەمدا دادگای گشتی ئێران، بە تاوانی ئەنجامدانی سیخوڕی سزای لەسێدارەدانی بەسەر ئەکبەریدا سەپاند کە لەپاڵ رەگەزنامەی ئێرانی خاوەنی رەگەزنامەی بەریتانیشە، لە ١٤ی کانوونی دووەمیشدا بڕیاری لەسێدارەدانەکە جێبەجێ کرا.













گەلەری