سەردێڕ:

سودانی: کاردەکەین بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی کرێکاران

PM:02:44:01/05/2023

1512 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، حکومەت سوورە لەسەر کاراکردنی یاسای کار بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی کرێکاران.


ئەمڕۆ دووشەممە محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەبۆنەی رۆژی جیهانی کرێکارانەوە راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، پێگەی کرێکاران لە ناوەندەکانی کارکردندا گرنگی خۆی هەیە.

وتیشی، حکومەتی عێراق هەوڵ دەدات کەرتی پیشەسازی حکومی و ناحکومییەکان و کارگەکان چالاکبکات و گرنگی زیاتر بە رەخساندنی هەلی کار دەدەن و پێشکەوتنەکانی وڵات بەبێ هەوڵەکانی کرێکاران بەدی نەهاتووە و هەوڵی بوژاندنەوەی ئابوری و چاککردنی ژینگەی کارکردن و وەبەرهێنان دەدەن.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، هەموو هەوڵەکانیان لە پێناو رەخساندنی هەلیکاری زیاتردایە و گەشەپێدان و وەبەرهێنان لە گەنجانەوە دەست پێدەکات و حکومەتیش هەموو هەوڵێک دەدات تاوەکو لە کەرتی حکومی و تایبەتدا کار بۆ گەنجان دابین بکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە چوارچێوەی بەرنامەکانیدا حکومەتی عێراق سورە لەسەر چەسپاندنی یاسای کار و هەموو هەوڵێکی خۆی لەگەڵ لیژنەی کاری پەرلەمان داوە بەمەبەستی تەواوکردنی رێکارەکانی یاسادانان بۆمەبەستی یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی .

رۆژی ١ـی ئایار وەک رۆژی کرێکاران لە جیهاندا دیاریکراوە و لەم رۆژەدا لە زۆرێک لە وڵاتان کرێکاران دوای زیادکردنی کرێی کارکردن دەکەن و لە بەغدا کرێکاران ئاهەنگیان گێڕا، بەڵام کرێکارانی هەرێم تاوەکو ئێستا کاریان دەستناکەوێت.

کرێکارێک کە خاوەن پێداویستی تایبەتیشە بە ئین ئاڕ تی راگەیاند، ماوەی ٢٠ ساڵە کرێکارە و حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمیش هیچ ئاوڕی لێنەداونەتەوە بە جۆرێک لە رۆژی جیهانی کرێکارانیشدا ناچارن کار بکەن چونکە یەک رۆژ کار نەکەن کاریگەری زۆر لەسەر بژێوییان دەکات.

بەپێی ماددەی ٢٣ـی جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ کە باس لە یاساکانی کارکردن دەکات هەموو کرێکارێک مافی ئەوەی هەیە بەپێی کارەکەی موچەی پێبدرێت بەجۆرێک بەشی ژیانێکی شکۆمەدانە بکات بۆ خۆی و خێزانەکەی و ئەگەر موچەکەی بەشی نەکرد لەرێگەی دەستەبەری کۆمەڵایەتییەوە پێداویستییەکانی بۆ دابین دەکرێت، لە هەرێم کرێی کار کردنی کرێکاران رێکنەخراوە و بەشێکیان بیمەی سەلامەتی و دەستەبەری کۆمەڵایەتییان نییە و ئەگەر لەسەر کارەکانیان رووبەڕووی هەر مەترسییەک ببنەوە هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی هەڵناگرێت.













گەلەری