سەردێڕ:

داعش لە مەخمور هێرشی کرد و کوژراو و بریندار هەیە

PM:12:07:11/09/2021

4344 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێکی ئەمنی عێراقی رایگەیاند، لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێکی چێنراو دوو پۆلیس و سەربازێک لە هێزەکانی حەشدی عەشایەری کوژران و چواری دیکە برینداربوون.


ئەمڕۆ شەممە، ئەفسەرێکی پۆلیس لە پارێزگای نەینەوا بە ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵۆی راگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر گوندی خەتابی سەربە ناحیەی مەخمور.

ئاماژەی بەوەشدا، لە هێرشەکەیاندا چەکدارانی داعش چەکی رەشاشی مامناوەند و سوکیان بە کارهێناوە.

ئەوەشی خستەڕوو، لە کاتی هێرشەکەی داعشدا، چەکدارانی حەشدی عەشایەری لە نەینەوا، کە هێزێکی فەرمی سونییەکانە و سەر بە سوپای عێراقە، روبەڕوویان بوونەتەوە.

چاوگەکە باسی لەوەشکردووە، لەکاتی روبەڕووبنەوەکەدا، هێزەکەی حەشدی عەشایەری کەوتوونەتە ناو بۆسەیەکی بۆمبی چێنراوەوە کە لەلایەن داعشەوە دانرابوون و لە ئەنجامدا، دوو پۆلیس و سەربازێکی حەشدی عەشایەری کوژران و چواری دیکە برینداربوون.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە چەند هەفتەی رابردوودا گروپی چەکداری داعش زینجیرەیەک هێرشی بۆ سەر دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراق و دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی وزە و چەند بازاڕێکی میللی لە پارێزگاکانی ناوەڕاست ئەنجامدا و بەرپرسیارێتی سەرجەمییانی لە ئەستۆ گرت.


کـ ، ئـ













گەلەری