چاوگێکی ئەمنی رایگەیاند، لە ئەنجامی پێکدادانی یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکانی کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ ئۆتۆمبێلی هاوڵاتییەکدا لە شەقامی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا ژنێک گیانی لەدەستدا و ژنێکی دیکەش برینداربوو. دەشڵێت، "هۆکارەکەی تیژڕەوی ئۆتۆمبێلەکەی کاروانی سەرۆکوەزیران بووە".
چاوگە ئەمنییەکە ئاماژەی بەوەشدا، رووداوەکە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ روویداوە، کاتێک کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر شەقامی فڕۆکەخانەی بەغدا بوون و سەرقاڵی کردنەوەی رێگا بوون بۆ تێپەڕاندنی سودانی و گەیشتنی بەفڕۆکەخانە.
ئەوەشی خستەڕوو، یەکێک لە
ئۆتۆمبێلەکانی محەمەد شیاع سودانی بەخێراییەکی زۆر خۆی کێشاوە بە ئۆتۆمبێلی هاوڵاتییەکدا
و لەئەنجامدا ژنێک بەناوی "ئیسرال وەلید راوی" لەدایکبووی ساڵی ١٩٩٨ کە
دانیشتوی ناوچەی سەوزە گیانی لەدەستداوە.
وتیشی، ژنێکی دیکەش کە کارمەندی
فڕۆکەخانەبووە بەناوی "هیبە روبەیعی" و لەدایکبووی ساڵی ١٩٩١ە بەسەختی برینداربووە.
چاوگەکە باسی لەوەشکرد، لەڕێگەی
ئۆتۆمبێلێکی فریاکەوتنەوە، ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە لەگەڵ بریندارەکە گواستراونەتەوە
بۆ نەخۆشخانە.
دەشڵێت، بنکەی پۆلیسی فڕۆکەخانەی
بەغدا پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ روداوەکە کردووەتەوە.