سەردێڕ:

هیومان رایتس وۆچ: پاسەوانی سنوری تورکیا پەنابەرانی سورییان ئەشکەنجەداوە و کوشتویانن

AM:12:00:28/04/2023

3080 جار خوێندراوەتەوە

هیومان رایتس وۆچ رایگەیاند، هێزەکانی پاسەوانی سنوری تورکیا دەستڕێژی گوللـەیان لە هاوڵاتییانی مەدەنی سوری کردووە و کوشتویانن.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ(هیومان رایتس وۆچ) نوێترین راپۆرتی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، لە دژی پەنابەران هێزەکانی پاسەوانی سنوری تورکیا هێزێکی زۆر بەکاردەهێنن و دەسترێژی گوللـەیان لێدەکەن و پەنابەران ئەشکەنجە دەدەن و داوایان لە حکومەتی تورکیا کرد لێکۆڵینەوە بکات.

لە راپۆرتەکەدا باس لەوەشکراوە، لە رۆژی ١١ی ئازاری ٢٠٢٣ هێزێکی پاسەوانی سنوری تورکیا ئەشکەنجەی هەشت هاولاتی سورییان داوە بەهۆیەوە کەسێکیان گیانی لەدەستداوە و کەسێکی دیکەشیان بە سەختی بریندارکردووە.

دەشڵێت، لە رۆژی ١٣ی ئاداری ٢٠٢٣ پاسەوانێکی سەر سنور پیاوێکی سوری تەمەن ٥٩ ساڵیان گوللـەباران کردووە کە زەویەکەی کێڵاوە و لە ئەنجامدا پیاوەکە گیانی لەدەستداوە.

هیومان رایتس وۆچ ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەو بارەیەوە لەگەڵ وەزیری داد و وەزیری ناوخۆی تورکیا کۆبونەتەوە و داوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچونیان بۆ رووداوەکە کردووە.

بەڕێوەبەری رێکخراوەکە لە ئەوروپا و ئاسیای ناوەڕست ئاماژەی بەوەکردووە، هێزەکانی پاسەوانی سنوری تورکیا بەشێوەیەکی هەڕەمەکی لەسەر سنوری تورکیا - سوریا تەقەدەکەن و خەڵکی دەکوژن.

لە دەستپێکی ٢٠٢٣تا ئێستا روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ کوژرانی ١١هاوڵاتی و برینداربوونی ٢٠ کەسی دیکەی بە دەستی هێزەکانی پاسەوانی سنوری تورکیا راگەیاندووە.













گەلەری