کۆشکی کرملین رایگەیاند، پێشوازی لەهەر دەستپێشخەرییەک دەکەن کە ببێتە هۆی کۆتایهاتنی ململانێکان لە ئۆکرانیا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، کۆشکی کرملین لە بارەی پەیوەندییە تەلەفۆنیەکەی نێوان شی جین پینگ سەرۆکی چین و ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی هاوتا ئۆکرانیەکەی رایگەیاند، پێشوازی لەهەموو ئەو هەوڵانە دەکەن کە بۆ راگرتنی ململانێکانە لە ئۆکرانیا.
ئاماژەی بەوەشدا، روسیا تاوەکو ئێستا نەگەیشتووە
بە ئامانجەکانی کە هەیەتی لە "ئۆپەراسیۆنی سەربازی تایبەت" لە ئۆکرانیا.
ئەوەش لە کاتێکدایە، رۆژی چوارشەممە، شی جین پینگ
سەرۆکی چین و ڤۆلۆدمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا بۆ یەکەمین جار لە دوای دەستپێکی
جەنگی ئۆکرانیاوە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا.
دوابەدوای ئەوەش، ڤۆڵۆدیمیر زێلێنسکی لە تویتێکدا
رایگەیاند، "پەیوەندییەکی تەلەفۆنی گرنگم لەگەڵ سەرۆکی چین ئەنجامدا و داوای
پابەندبوونی بەهێز لە پەرەپێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان لە نێوان کیێڤ و پەکین
کردووە".
لەو چوارچێوەیەشدا، حکومەتی چین رایگەیاند، چین بەنیازە شاندێک رەوانەی ئۆکرانیا
دەکات بە ئامانجی گەڕان بەدوای چارەسەرێکی سیاسی بۆ ململانێکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ
روسیادا.
لە ٢٤ی شوباتی ٢٠٢٢وە بە فەرمانی ڤلادمێر پوتین
سەرۆکی روسیا جەنگی ئۆکرانیا هەڵگیرسا و لە ساڵیادی جەنگەکەدا سەرۆکی روسیا رایگەیاند،
روسیا بەردەوام دەبێت لە جەنگەکە تاوەکو بە ئامانجەکانی دەگات.