سەردێڕ:

پەرلەمانتارێکی عێراق: حکومەت لەبارەی بودجەوە سێ دڵنیاییداوە

PM:06:01:27/04/2023

2836 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانی سێ دڵنیایی داوە سەبارەت بە بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ کە بریتین لە چارەسەری کورتهێنانی دارایی و قەرزەکان و دابینکردنی بودجە بۆ سەرجەم دامەزراوەکان.


سالم عەنبەکی ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "هەلومەرجی ئێستای عێراق سەختە و بە ئاڕاستەی جیاجیا دەڕوات، بەتایبەتی کە لە شەڕێکی توند لەگەڵ مەترسیدارترین رێکخراوی جیهان سەریهەڵدا و لە ساڵانی رابردودا سەرکەوتوو بوو لە تێپەڕاندنی مەترسییە گەورەکان".

ئاماژەی بەوەشدا، دۆسیەی بودجە زۆر گرنگە بەو پێیەی گرنگترین یاسایە لە بەڕێوەبردنی کاروباری دارایی دەوڵەتدا.

وتیشی، بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ زۆر بابەتی لەخۆگرتووە کە راستەوخۆ پەیوەندی بە هاوڵاتییانەوە هەیە، بەڵام حکومەتی عێراق سێ دڵنیایی گرنگی داوە سەبارەت بە کورتهێنانی دارایی، قەرز، دابینکردنی بودجە بۆ سەرجەم دامەزراوەکانی دەوڵەت.

سالم عەنبەکی ئەوەشی خستەڕوو، حکومەت لە خەمی بەڕێوەبردنی بڕگەکانی بودجەدایە دوای پەسەندکردنی، کەمکردنەوەی کورتهێنانیش بۆ نیوە زۆر ئەگەری هەیە و جوڵە بەو ئاڕاستەیە بکەن.

باسی لەوەشکرد، لە ماوەی سێ بۆ چوار هەفتەدا لانی کەم بودجە یەکلایی دەکرێتەوە و دوای ئەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی ١٣ی ئازار سەرۆکوەزیرانی عێراق پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵەکانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ی پەسەندکرد و رەوانەی پەرلەمانی عێراقی کرد.

بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ی عێراق گەورەترین بودجەی عێراقە و بڕەکەی ١٩٨ ترلیۆن و ٦٨٣ ملیار و ٧١٩ ملیۆن و ٤٧٢ هەزار دینارە و تیایدا نرخی بەرمیلێک نەوت بە ٧٠ دۆلار خەمڵێندراوە و نرخی ١٠٠ دۆلاریش بە نرخی فەرمی بانکی ناوەندی کە ١٣٠٠ دینارە جێگیرکراوە، لەو بڕەش ٦٤ ترلیۆن دیناری بە کورتهێنان دانراوە.

هاوکات پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراقدا بە رێژەی لە ٪١٢.٦٧ جێگیرکراوە و لە کاتی تێپەڕاندنی بودجەدا هەرێمی کوردستان مانگانە زیاتر لە ترلیۆنێک دیناری بۆ دەنێردرێت و رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵدا بە شێوازێکە، هەرێمی کوردستان داهاتی نەوت لە بانکێکدا دابنێت کە لەژێر چاودێری حکومەتی فیدڕاڵیدا بێت و دەسەڵاتی بەکارهێنانیش لەژێر دەستی سەرۆکوەزیرانی هەرێمدا دەبێت.

لەئێستاشدا لیژنەکانی پەرلەمانی عێراق، گفتوگۆی بەرفراوان ئەنجامدەدەن بەمەبەستی یەکلاییکردنەوەی بڕگەکانی بودجەی گشتی بۆ پەسەندکردنی لە پەرلەمان.

کـ - ئـ













گەلەری