وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، ٢٣٤ هاوڵاتی عێراقی لە رێگەی دوو فڕۆکەوە گەرێنراونەتەوە وڵات کە بە فەرمانی سەرۆکوەزیران نێردرابوون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ٢٣٤ هاوڵاتی عێراقی کە ١٦ـەشیان سوریین لە سودانەوە گەڕێندراونەتەوە عێراق.
باسی لەوەشکردووە، لە ماوەی دوو
رۆژی رابردوودا ژووری ئۆپراسیۆنە خێراکانی وەزارەتی بەرگری هەموو هاوڵاتیانی عێراقی
لە سودان لە رێگەی ئۆتۆمبێلەوە لە ناوخۆی سودان و خەرتومی پایتەختی ئەو وڵاتە کۆکردەوە.
دوێنێش، محەمەد شیاع سودانی بڕیاریدا دوو فڕۆکەی عێراقی بە مەبەستی گەڕانەوەی
هاوڵاتیانی عێراق رەوانەی سودان بکات.
ئەمەش لە دوای ئەوە دێت لە رێکەوتی ١٥ی نیسان ململانێی چەکداری لە نێوان
سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە خەرتومی پایتەخت و چەند ناوچەیەکی دیکەی
ئەو وڵاتە دروستبوو و سەرەڕای داواکاری نێودەوڵەتی بۆ وەستاندنی شەڕ و راگەیاندنی
ئاگر بەست، بەڵام تا ئێستا شەڕ بەردەوامە.
هێزەکانی پشتیوانی خێرا بۆ یەکەمین جار لە ساڵی ٢٠١٣ دەرکەوتن و هێزێکی چەکداری
فەرمین و لە سەردەمی جەنگی دارفور بە ناوی عومەر بەشیری سەرۆکی پێشووی سودان دەجەنگان.