سەردێڕ:

راوێژکارێکی سودانی وادەی دابەزینی بەهای دۆلاری بۆ ١٣٢ هەزار ئاشکرا کرد

PM:02:23:27/04/2023

82920 جار خوێندراوەتەوە

راوێژکارێکی سودانی بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەگەری هەیە لە چەند هەفتەی داهاتوودا نرخی دۆلار لە بازاڕەکاندا هاوتایی نرخی بانکی ناوەندی ببێتەوە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەزهەر محەمەد راوێژکاری محەمەد شیاع سودانی سەرکوەزیرانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی باسی لەوەکرد، دابەزینی نرخی دۆلار پەیوەندی بە کۆنترۆڵکردنی قۆرخکردنی دۆلار و باج و گومرگەوە هەیە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر قۆرخکاری دراو لە ناوخۆی وڵاتدا کۆنترۆڵبکرێت پێشبینی دەکات لە چەند هەفتەی داهاتوودا نرخی دۆلار هاوتا ببێتەوە لەگەڵ نرخی بانکی ناوەندی کە ١٣٢ هەزار دینارە بۆ هەر ١٠٠ دۆلارێک.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ بانکی ناوەندی ١٨٧ ملیۆن و ٢٣٥ هەزار و ٣٢٨ دۆلاری خستووەتە بازاڕەوە و ١٠٠ دۆلار بەرامبەر ١٤٢ هەزار و ١٠٠ دینارە.

پێشتریش، جەبار گۆران وتەبێژی بازاری دراوی سلێمانی لەوبارەیەوە رایگەیاند، هۆکاری دابەزینی بەهای دۆلار دەگەرێتەوە بۆ بەردەوامی رێکارەکانی بانکی ناوەندی و خستنەڕووی بڕی پێویستی دۆلار و تورکیا ئێران خواستیان لەسەر دۆلار کەمبووەتەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوودا بەهای ١٠٠ دۆلار لە ١٤٥ هەزار دینارەوە بۆ خوار ١٤١ هەزار دینار دابەزیوە.

نرخی فەرمی دۆلار بەپێی بانکی ناوەندی عێراق و بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ بە ١٣٠ هەزار دینار جێگیرکراوە و چاوەڕوان دەکرێت دوای پەسەندکردنی بودجە بەهای دۆلار بۆ ئەو نرخە داببەزێت.













گەلەری