وتەبێژی سەرۆکایەتی ئۆکرانیا رایگەیاند، سەرۆکی ئەو وڵاتە لەگەڵ سەرۆکی چین پەیوەندییەکی تەلەفونی ئەنجامداوە و تییدا گەیشتوونەتە خاڵی هاوبەش لەنێوان دەستپێشخەری چین بۆ ئاشتی و پلانی ئۆکرانیا بۆ کۆتایهاتنی جەنگ.
سێرگی نیکیفۆرۆڤ وتەبێژی سەرۆکایەتی ئۆکرانیا وتی، ڤۆلۆدمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا و شی جینگ پینگ سەرۆکی چین لە پەیوەندییە تەلەفونییەکەدا باسیان لە خاڵە هاوبەشەکانی نێوانیان بۆ ئاشتی کردووە.
باسی لەوەشکرد، ئەو خاڵە هاوبەشانەی لە
نێوان دەستپێشخەری چین و پلانی ئۆکرانیا بۆ ئاشتی هەیە، کاریگەری لەسەر بەکارنەهێنانی
چەکی ئەتۆمی و بەکارنەهێنانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی حکومەت وەک بارمتە هەیە و لەو
خاڵانەشەوە دەتواندرێت گفتوگۆکان و فراوانتر بێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، کییڤ درک بەوە دەکات
کە ئەمە یەکەم گفتوگۆی جدییە بۆ ئاشتی دوای پچڕانێکی زۆر، بۆیە چاوەڕوانیان نەکردووە بگەنە رێککەوتن و هێشتا زووە هەڵسەنگاندن بۆ گفتوگۆکە بکرێت و سەرەتایی بوو.
ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ماوەی رابردوودا
سەرۆکی چین بۆ دانوستانی ئاشتی جەنگی ئۆکرانیا لەگەڵ ڤلادمێر پوتین سەرۆکی روسیا کۆبووەوە
و چەند خاڵێکی بۆ ئاشتی ئۆکرانیا خستەڕوو.
لە ٢٤ی شوباتی ٢٠٢٢وە بە فەرمانی ڤلادمێر
پوتین سەرۆکی روسیا جەنگی ئۆکرانیا هەڵگیرسا و لە ساڵیادی جەنگەکەدا سەرۆکی روسیا
رایگەیاند، روسیا بەردەوام دەبێت لە جەنگەکە تاوەکو بە ئامانجەکانی دەگات.