"یانزەی سێپتەمبەر" ئەو رستەیەی کە بوو دروشمی دیار و گەورەی دوو دەیەی رابردوو و دواتریش سەرهەڵدانی جەنگێکی ٢٠ ساڵە، وەک ناونیشانی سەرەکی بەرەنگاری بەرەیەکی فراوانی وڵاتانی جیهان (بەسەرۆکایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا) دژ بە هەموو گرووپ و رێکخراوە تیرۆرست و چەکدارییانەی کە لە جیهاندا بوونیان هەبوو لەنێویشیاندا (رێکخراوی قاعیدە و بزووتنەوەی تاڵیبان).
"یانزەی سێپتەمبەر"ی ٢٠٠١، ئەو رۆژەی بووە هۆی سەرهەڵدانی جەنگێکی درێژخایەنی ٢٠ ساڵە و گیانلەدەستدان و برینداربوونی هەزاران کەس و، ئاوارەبوونی ملیۆنان کەسی دیکە، دوای ٢٠ ساڵیش سەدان کەس هێشتا لە تاوا ئازار و خەمیی ئەو رۆژەدا ژیان بەرێدەکەن.
ئەمریکا و رۆژە خوێناوییەکە
لەسەر لە بەیانی رۆژی ١١ی سێپتەمبەری ٢٠٠١، چوار تیمی سەر
بە گرووپی چەکداری قاعیدە کە لە ١٩ کەس پێکهاتبوون، هەستان بە رفاندن و دەستبەسەرداگرتنی
چوار فڕۆکەی نەفەرهەڵگر و لەهێرشێکی خۆکوژیدا بەکاریانهێنا.
دوو لە فڕۆکەکان هەردوو باڵەخانەی ناوەندی بازرگانیی جیهانییان
لە شاری نیویۆرکی ئەمریکا کردەئامانج، فڕۆکەی سێیەمیش بینای پنتاگۆن(وەزارەتی بەرگری
ئەمریکا)ی لە دەرەوەی واشنتۆن دی سییەوە کردە ئامانج، بەڵام فڕۆکەی چوارەم لەلایەن
سەرنشینەکانییەوە هێرشی کرایەسەر لە ناوچەی شەنکسڤیڵێی پەنسڵڤانیا کەوتەخوارەوە و
تەواوی سەرنشینەکانیشی گیانیان لەدەستدا.
یەکەم فڕۆکە و یەکەم هێرش
کاتژمێر هەشت و ٤٥ خولەکی سەرلەبەیانی یەکەم فڕۆکە بەناوی (Boeing 767) کە نزیکەی ٢٠
هەزار گاڵۆن سوتەمەنی فڕۆکەی لەگە خۆیدا هەڵگرتبوو خۆی کێشا بە بەشی باکووری باڵەخانەی
ناوەندی بازرگانی جیهاندا و نهۆمی ٨٠ەمین باڵەخانە هەورەبڕەکەی کە لە ١١٠ نهۆم پێکهاتبوو
کردە ئامانج. لە ئەنجامی ئەوەشدا، سەدان کەس گیانیان لەدەستدا و سەدانی دیکەش لەنهۆمە
بەرزەکانەوە کەوتنە خوارەوە، سەرباری ئەوەی سەدانی دیکەشی بریندارکرد.
دووەم فڕۆکە و دووەم هێرش
لەکاتێکدا تەواوی ئەمریکا و جیهان بەگشتی بەدیار دیمەنی
شۆکهێنەری خۆپیاکێشانی فڕۆکەی یەکمدا واقیان وڕمابوو، پرۆسەی چۆڵکردنی باڵەخانەکە
و باڵەخانەکەی تەنیشتیشی دەستیپێکردبوو، تەواوی تەلەفزیۆن ومیدیاکان چاوی کامێراکانیان
لەسەر دوو بیناکە و شوێنی رووداوەکە بوو، ١٨ خولەک دوای هێرشی یەکەم فڕۆکە، فڕۆکەی
دووەم لە جۆری (Boeing 767) لە ئاسماندا دەرکەوت
و خۆی کێشا بەبەشی باشووری باڵەخانەی ناوەندی بازرگانی جیهانیی و بەدیاریکراویش نهۆمی
٦٠ەمینی باڵەخانەکە.
سێیەم فڕۆکە و سێیەم هێرش
ملیۆنان کەس لەنێو نیۆرک و ئەمریکا و تەواوی جیهاندا، بەوپەڕی
سەرسوڕمانەوە تەماشای دیمەنی داڕووخان و وێرانبوونی دوو تاوەرە هەوربڕەکەی ئەمریکایان
دەکرد، بەڵام فڕۆکەی سێیەم لە جۆری (Boeing
757) بەسەر ئاسمانی واشنتۆن دی سی تێپەڕی و خۆی کێشا بە باڵەخانەی
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن)دا.
لەئەنجامی هێرشی سێیەم فڕۆکەدا، بەگوێرەی زانیارییە فەرمییەکانی
پنتاگۆن، ١٢٥ کەسانی سەربازیی و مەدەنی لە نێو بینای پنتاگۆندا و لەگەڵ ٦٤ سەرنشینی
فڕۆکەکە کوژران، لەگەڵ برینداربوونی سەدان کەسی دیکە، جگە لەوەی ئەو بڕە سوتەمەنییەی
کە لە نێو فڕۆکەکەدا بووە، زیانێکی زۆری بە ژینگە و باڵەخانەی ئەو ناوچەیە گەیاند.
چوارەم فڕۆکە و چوارەم هێرش
لەکاتێکدا؛ سێ فڕۆکەی دیکە دوو شاری گەورە کە یەکێکیان
پایتەختی ئەمریکایە کردە ئامانج، دوای ٤٠ خولەک لە رووداوەکەش، فڕۆکەی چوارەم؛ فڕۆکەخانەی
نێودەوڵەتی نیوجرسی جێهێشت، بەڵام بەهۆی رووداوەکانی واشنتۆن و نیویۆرکەوە، سەرنشینەکان
هەستییان بە ئەگەری روودانی رووداوی چوارەم کرد و لەگەڵ ئەو چوار کەسەی کە فڕۆکەکەیان
دەستبەسەرداگرتبوو کردیان بەشەڕ.
لەئەنجامدا، فڕۆکەی چوارەم لەرێرەوی خۆی دەرچوو، لەکێڵگەیەکدا
لەناوچەی شانکسڤیڵی لە رۆژئاوای پێنسڵڤانیا لەکاتژمێر ١٠ی سەرلەبەیانی هەمان رۆژدا
کەوتەخوارەوە، لە ئەنجامیشدا تەواوی ٤٤ کەسەکەی سەرنشینی فڕۆکەکە گیانیان لەدەستدا.
هەرچەندە ڕوون نییە، کە ئاڕاستەی فڕۆکەی چوارەم کوێ بووە،
بەڵام بەگوێرەی ئاماژەکان کۆشکی سپی، بینای ئەنجومەنی پیران، کەمپی دەیڤید لە ماریلاند،
یان یەکێک لە وێستگە گەورەکانی بەرهەمهێنانی ئەتۆمی بووە.
ئەنجامدەرانی هێرشەکان کێ بوون؟
ئامارە زیانە گیانیی و ماددییەکان
ئەو هێرشانەی لەرۆژی ١١ی سێپتەمبەردا ئەنجامدران تەنها نەبوونە
هۆی ئەوەی ژمارەیەک کەس لەو رۆژەدا ببنە قوربانی، بەڵکو هەزاران هاوڵاتی توشی برینداری
هەمیشەیی، هەزارانی دیکە بەهۆی کاریگەرییەکانی ئەو رووداوەوە توشی نەخۆشی دەروونی
بوون.
بەهۆی رووداوەکەوە، دوو هەزار و ٩٦٦ کەس گیانیان لەدەستدا،
کە ١٢٥ کەسیان لە نێو باڵەخانەی پنتاگۆندا بوون، ٢٤٦ کەسیان لەنێو ئەو فڕۆکانەدا
بوون کە رفێنرابوون.
لەبارەی زیانە ماددییەکانیشەوە، رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی
ئەمریکی بە نزیکەی سێ تریلیۆن دۆلار مەزەندەی کردووە، لەو رێژەیەش باڵەخانەی پنتاگۆن
بڕی چوار ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتووە، هەروەها بەنزیکەی ٨٣ هەزار هەلی کار لەدەستدراوە.
ئەمریکا قاعیدەی بە ئەنجامدانی هێرشەکان تۆمەتبار کرد و
جەنگی ئەفغانستان دەستیپێکرد
لەرۆژی١١ی سێپتەمبەری ساڵی ٢٠٠١، جیهان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
لاپەڕەیەکی نوێیان لە جەنگی درێژخایەن هەڵدایەوە و جیهان و مرۆڤایەتی بە ئامارە سەرسوڕهێنەرەکانی
جەنگەکە سەریان دەسوڕما، بەهۆی ئەوەی دوو فڕۆکە باڵەخانەی ناوەندنی بازرگانی جیهانییان
لە شاری نیویۆرکی ئەمریکا کردەئامانج و لە ئەنجامیشدا، دوو هەزار و ٩٧٣ کەس گیانیان
لەدەستدا و زیانێکی زۆریش بەر باڵەخانەکانی ناوەندی بازرگانی جیهانی و پنتاگۆن کەوت.
لە هەمان رۆژیشدا جۆرج بوشی سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا لە پەیامێکیدا
رایگەیاند، "ئەمریکا لە کاری تیرۆریستان خۆش نابێت و لەزووترین کاتدا وەڵامییان
دەدەینەوە".
دواتر و لە رۆژی ٢٠ی سێپتەمبەردا، لەبەردەم کۆنگرێسی وڵاتەکەیدا،
جۆرج بوس ئەنجامدەری هێرشەکەی سەر نیویۆرکی راگەیاند و وتی، "رێكرخاوی چەکداری
قاعیدە لە ئەفغانستان کە لەلایەن ئوسامە بن لادنەوە رێبەرایەتی دەکرێت، هێرشەکەی سەر
ئەمریکای ئەنجامداوە".
هەر لە درێژەی وتارەکەیدا لەبەردەم کۆنگرێسدا، جۆرج بوش
جەختی لەوەکردەوە کە، "بزووتنەوەی تاڵیبان هاوکاری و یارمەتی رێکخراوی قاعیدە
دەدات لە کار و چالاکییەکانیدا".
هەمان رۆژیش، دۆناڵ رەمسفێڵ وەزیری بەرگری ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی
رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، "هەموو ئامادەکارییەکانمان کردووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی
تیرۆر لەسەرانسەری جیهاندا، سوپاسی وڵاتانیشی کرد کە ئامادەیی هەماهەنگییان لەگەڵ
ئەمریکا لە رووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە دەربڕیوە".
لە رۆژی ١٨ی سێپتەمبەری ٢٠٠١دا و دوای تەنها حەوت رۆژ لە
هێرشەکەی ١١ی سێپتەمبەر، ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بەدەنگی ٤٢٠ بەڵێ لەبەرامبەر
یەک دەنگی نەخێردا و هەروەها ٩٨ دەنگی بەڵێی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا لەبەرامبەر
نەبوونی هیچ دەنگێکی نەخێردا، بڕیاریدا ئەمریکا بچێتە نێو جەنگێکی نوێ و نەک تەنها
لە ئەفغانستان، بەڵکو بەشێوەیەکی کراوە و لەدژی "ئەوانەی بەرپرسیارن لە هێرشەکانی
ئەوێ رۆژێی سەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا".
لەیەکەم ساتەکانی دەستپێکی جەنگەکەدا، جۆرج بۆشی ئەوکاتی
سەرۆکی ئەمریکا لەبەردەم ئەندامانی کۆنگرێسدا وتی، "جەنگەکە جیهانییە و تاکە
جەنگیشە کە بۆ زۆرترین ماوەی درێژخایەن دەمێنێتەوە".
جۆرج بۆش لەدرێژەی قسەکانیدا ئەوەشی وت، "جەنگی ئێمە
دژی قاعیدە دەستیپێکرد، بەڵام لەوێ کۆتایی پێ نایەت، بەڵکو بەردەوام دەبێت تا ئەوکاتەی
کە هەرچی گرووپی دیکەی تیرۆرستییە لەسەرانسەری جیهاندا، دەدۆزرێنەوە و دەوەستێنرێن
و شکستییان پێدەهێنرێت".
سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا جەختی لەوەشکردەوە، "ئەمریکییەکان
نابێت پێشبینی تەنها یەک جەنگ بکەن، بەڵکو ئەمە هەڵمەتێکی دوورمەودایە، جیازتر لەهەر
هەڵمەتێکی دیکە کە لەرابردوودا دیومانە".
چەند هەفتەیەک دواتر ئەمریکا دەستیکرد بە هەلمەتی هێرشی
چڕ و پڕی هێزەکانی تاڵیبان و قاعیدە، پاش کەمتر لە دوو مانگ و لە رۆژی ٩ی کانووی یەکەمی
هەمان ساڵدا توانی شکست بە بزووتنەوەی تاڵیبان بهێنێت لە ویلایەتی قەنەدەهار. لەسەرەتاکانی
ئازاری ٢٠٠٢شدا ئەمریکا جارێکی دیکە شەڕی دژ بە تاڵیبانی دەستپێکردەوە.
لەمانگی نیسانی ٢٠٠٢دا، جۆرج بۆشی سەرۆکی ئەمریکا بەڵێنیدا
کە "ئاشتی راستەقینە" بۆ ئەفغانستان بگەڕێتەوە و وتیشی، "ئاشتی بەدەستدەهێندرێت
بە یارمەتیدانی ئەفغانستان بۆ پەرەدان بە حکومەتەکەی و یارمەتیدانی ئەفغانستان لە
مەشقکردن و پڕچەککردنی سوپاکەیدا.
لەجەنگی ٢٠ ساڵەی ئەفغانستاندا، زیاتر لە شەش هەزار سەربازی
ئەمریکی و ١٠٠ هەزار هاوڵاتی ئەفغانی کوژران، جیاواز لەو ١٣ سەربازەی ئەمریکا کە
٢٦ی ئابی ئەمساڵدا لە هێرشی گرووپی چەکداری داعشی خۆراساندا کوژران، وەک قەرەبوویەکیش
حکومەتی ئەمریکا بڕی ١٠٠ هەزار دۆلاری وەک "قەرەبووی مردن"ی داوە بە کەسوکاری
هەر سەربازێکی ئەمریکا و کۆی ئەو بڕە پارەیەش بە ٢٤٥ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆلار دەخەڵمێندرێت".
بەگوێرەی ئاماری نێردەی هاوکاری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان،
لەماوەی ٢٠ ساڵی جەنگی ئەفغانستاندا، زیاتر لە ٤٦ هەزار کەسی مەدەنی لەهەموو لایەکان
کوژران و هەزارانی دیکەش برینداربوون، هۆکاری کوژرانەکانیش بۆ بۆمب، تەقینەوە، فیشەک
و دەستڕێژی گوللـە دەگەڕێتەوە.
نەورەس غەریب