سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، لە ماوەی سێ ساڵی داهاتوودا دەست بە هەناردەی غاز دەکەن و لە رێگەی پڕۆژەکانی رێگای گەشەپێدان و بەندەری فاو ئاستی پێویستی غاز بەرهەم دەهێنن. وتیشی، "زۆربەی لایەنە سیاسیەکان لەسەر بودجە گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن."
محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، لە ماوەی سێ بۆ پێنج ساڵی دیکە خولی پێنجەمی پڕۆژەکانی غاز جگە لە پڕۆژەی تۆتاڵ و پڕۆژەی خولی شەشەم، ئاستی پێویستی ناوخۆ غاز بەرهەم دەهێنن و هەناردەی دەرەوەشی دەکەن.
وتیشی،
"ئامانجەکانی حکومەتی ئێستای عێراق بریتییە لە رێگای گەشەپێدانی نێوان عێراق
و تورکیا و بەندەری فاو و شاری پیشەسازی."
ئاماژەی بەوەشدا،
تورکیا خۆشحاڵە بە پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان چونکە بەندەرەکانی عێراق لە تورکیا دەبەستێتەوە
بە ئەوروپاوە و تۆڕێکی رێگەوبان و هێڵی ئاسنین دەتوانن لقی خۆیان لەو پڕۆژەیە بکەنەوە.
باسی لەوەشکرد،
داوایان لە راوێژکارێکی ئیتاڵی کردووە نەخشەی هێلی گواستنەوەی نەوت و غازیان بۆ بکێشێت
لە نزیک رێگای وشکانی و هێلی ئاسنین لە بەندەری فاوەوە بەرەو تورکیا.
سەرۆکوەزیرانی عێراق
ئەوەشی ئاشکرا کرد، حکومەتی عێراق لە بارەی رەهەندەکانی بودجەی سێ ساڵی داهاتوو لەسەر
ئاستی زۆربەی هێزە سیاسییەکان گەیشتووەتە لێکتێگەیشتن.
پێشتریش وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، عێراق توانیویەتی ٦٠٠ هەزار تەن خورما هەناردەی بازارەکانی
ئاسیا بکات و بڕێکی زۆر تەماتە و بەرهەمی دیکەی کشتوکاڵی بەرهەمهێناوە.